وەزارەتی دارایی بۆ کوردستان24: لیژنەی بەدواداچوون بۆ راگرتنی مووچەی بەشێک لە مووچەخۆران دەستبەکاردەبێت

وەزارەتی دارایی و ئابووری
وەزارەتی دارایی و ئابووری

K24 - هەولێر:

بەرێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت ئەو لیژنەیە بۆ بە دواداچوون لەبارەی هۆکاری راگرتنی مووچەی بەشێک لە مووچەخۆران پێکهێنرابوو، سبەی پێنجشەممە دەست بە کارەکانی دەکات.

هونەر جەمال بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەسەر فەرمانی وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لیژنەیەک لەسەر ئاستی وەزارەت و نوێنەری داواکاری گشتی پێکهێندراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری راگرتنی دابەشکردنی مووچەی چەند توژێک، کە ئەوە دژی سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی داراییە.

لەبارەی ئەندامانی لیژنەکە گوتیشی: سەرۆکی لیژنەکە لە بەڕێوەبەری گشتی بودجە و ژمارەیەک بەڕێوەبەری دیکە لەسەر ئاستی وەزارەت پێکهاتوون و ئەندامی داواکاری گشتی لە لیژنەکە دەبێت.

لەبارەی سزادانی ئەو کەسانەی بوونەتە هۆکاری راگرتنی مووچە، هونەر جەمال گوتی: وەزیری دارایی چاوەڕێی راپۆرتی لیژنەکە دەکات و بەپێی دەرئەنجامی راپۆرتەکە سزای ئەو کەسانە دەدرێت.

لەبارەی ئەو سێ کەسەی ئەمرۆ لە سلێمانییەوە بانگهێشتی هەولێر کرابوون، هونەر جەمال روونیکردەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو رێکارانەیە کە لەلایەن وەزارەتەوە گیراوەتەبەر.