وهزیری بهرگری ئهڵمانیا: تهواوی هاووڵاتییانمان له سوودان گهڕاندووهتهوه
K24 - هەولێر:
وەزیری بەرگری ئەڵمانیا رایدهگهیهنێت، لە رێگەی چوار فڕۆکەوە تەواوی هاووڵاتییانی وڵاتەکەیان و هاووڵاتیانی 20 وڵاتی دیکەیان لە سوودان بەسەلامەتی گەڕاندووەتەوە.
بۆریس پیستۆریەس وەزیری بەرگری ئەڵمانیا لهمبارهیهوه ئاشکرای دەکات، لە چەند رۆژی رابردوو کۆنترۆڵی جوڵە و هاتووچۆی فڕۆکەخانەکە لە ئەستۆ بووە و بۆ چەند رۆژی داهاتووش بەریتانیا کۆنترۆڵی فڕۆکەخانەکە دەکات، بۆئەوەی دڵنیابینەوە وڵاتان بە سەلامەتی هاووڵاتیانی خۆیان لە سودانەوە دەگەڕێننەوە.
پیستۆریەس ههروهها گوتی: "گواستنهوهی هاووڵاتییانمان ئۆپەراسیۆنێکی زۆر ئاڵۆز و زەحمەت و مەترسیداربوو، خۆشحاڵم توانیمان بەوشێوەی ویستمان ئەنجامی بدەین و شانازی بە سەربازەکانمانەوە دەکەم، تیمەکانی وەزارهتی بەرگری هێشتا لە سوودان لە کاردان".
دهشڵێت: "پێشبینی دەکەین دواین فڕۆکەمان ئێوارە سوودان بەجێبهێڵێت، ئێستا بەریتانیا کۆنترۆڵی فڕۆکەخانەکەی کردووە وەک چۆن لە چەند رۆژی رابردوو ئێمە کۆنترۆڵمان کردبوو، بۆئەوەی دڵنیابینەوە لەوەی وڵاتان فرۆکەکانیان بە سەلامەتی دەگەنە فرۆکەخانە و لەوێشەوە دەگەرێنەوە وڵاتەکانیان".
لە بەیانی 15ی نیسانی 2023، لە خەرتووم پایتەختی سوودان و چەندین شاری دیکە پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا.
ئەو ناکۆکییانەی لە چەند مانگی رابردوودا دەربارەی چاکسازی سەربازیی لە ئارادابوون و تییادا پێشنیاز کرابوو هێزەکانی پشتیوانی خێرا "بەتەواوی ببێتە بەشێک لە سوپا" گۆڕا بۆ پێکدادان.