بایدن هەڕەشەی لە ناوبردن لە کۆریای باکوور دەکات
K24 - هەولێر
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا هۆشداریدایە کۆریای باکوور، لەوەی هەر هێرشێکی ئەتۆمی بۆ سەر ئەمەریکا یان هاوپەیمانەکانی ئەنجام بدات، دەبێتە هۆی لەناوبردنی رژێمی کیم جۆنگ ئون.
بایدن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ یۆن سۆک یۆل، سەرۆکی کۆریای باشوور گوتی: هەر هێرشێکی ئەتۆمی لەلایەن کۆریای باکوورەوە بۆ سەر ئەمەریکا یان هاوپەیمانەکانی قبوڵکراو نییە و دەبێتە هۆی کۆتایی هاتنی هەر رژێمێک کە هەنگاوێکی لەو شێوەیە بگرێتەبەر.
لای خۆیەوە یۆن سۆک یۆل رایگەیاند، ئاشتی لەگەڵ پیۆنگ یانگ لە رێگەی نیشاندانی هێزەوە دێت، هەروەها بۆ وەڵامدانەوەی هێرشی ئەتۆمی کۆریای باکوور، ئەمەریکا چەکی ئەتۆمی بەکاردەهێنێت.
سەرۆکی کۆریای باشوور دووپاتیکردەوە، کە لەگەڵ هاوتا ئەمەریکییەکەی هاوڕا بووە کە "بەدەستهێنانی ئاشتی لە رێگەی هێزی زیادەوە دێت نەک لە رێگەی ئاشتییەکی ساختە لەسەر بنەمای ئیرادەی باشی لایەنی بەرامبەر".