ئاگادارییه‌ك له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومڕه‌ی هه‌رێمی كوردستان
K24 - هەولێر
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومڕه‌ی هه‌رێمی كوردستان، ئاگاداری هاووڵاتیان ده‌كاته‌وه، كه بۆ ئه‌مساڵ هیچ پشكێكی زیاتر له‌وه‌ی پێشتر بۆ هه‌رێمی كوردستان دیاریكراوه نه‌هاتووه، داوا لە هاووڵاتیان دەکەین کە خۆیان بە دوور بگرن لەم جۆرە کارانە تاوه‌كوو پاره‌یان به فیرۆنه‌چێت.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئێمه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومڕه به‌رده‌وام ده‌بین له رێكخستنی پرۆسه‌ی حه‌ج و عومڕه له هه‌رێمی كوردستان و هه‌ر كه‌س و كۆمپانیایه‌ك له‌ژێر ناوی پشكی زیاده یاخود حه‌جی بازرگانی یاخود هه‌ر ناوێكی دیكه هه‌وڵی ئه‌وه بدات پاره له هاووڵاتیان وه‌ربگرێت رووبه‌ڕووی لێپێچینه‌وه‌ی توندی یاسایی و كارگێری ده‌بێته‌وه".
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومڕه، دەشڵێت: "لێره‌وه به پێویستی ده‌زانین كه هه‌موو ئه‌و كه‌سانه ئاگادار بكه‌ینه‌وه كه ڤیزای گه‌شتیارییان هه‌یه و ده‌یانه‌وێ به‌م ڤیزایه حه‌ج ئه‌نجام بده‌ن، عه‌ره‌بستانی سعوودیه بۆ رێگریكردن له حه‌جی به‌بێ به‌رنامه یاخود حه‌جی بێ رێگه‌پێدان چه‌ندین رێككار و سزای راگه‌یاندووه، بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ده‌یانه‌وێت به ڤیزای ساڵانه حه‌ج بكه‌ن، له‌كاتی هاتنه پێشه‌وه‌ی هه‌ر كێشه و گرفتێك بۆ ئه‌و كه‌سانه له سعوودیه ئێمه وه‌كو به‌رێوه‌به‌ڕایه‌تی گشتی حه‌ج و عومڕه لێی به‌رپرس نین و خۆیان به‌رپرسیاریه‌تی ئه‌و سزایانه له ئه‌ستۆ ده‌گرن، بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەکەین هەوڵی ئەنجامدانی حەج نەدەن بەو جۆرەی کە لە هەندێک شوێنی نافەرمی بانگەشەی بۆ دەکرێت تاوەکوو پارەی بەفیرۆنەچێت و ڕووبەرووی کێشە نەبنەوە".
ئاماژە بەوەشکراوە: "هاووڵاتیانمان له هه‌رێمی كوردستان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه كه هه‌ر نوێكارییه‌ك له پرۆسه‌ی حه‌جدا هه‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له رێگه‌ی راگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ح و عومڕه‌ی هه‌رێمی كوردستان و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه تاوه‌كوو هه‌موو هاووڵاتیان لێی ئاگاداربن".