قەیرانی ئاو ژیانی سوودانیەکانی هەراسانکردووە

خەرتوم، پڕکردنی بەرمیلی ئاو
خەرتوم، پڕکردنی بەرمیلی ئاو

K24 - هەولێر

خەرتومی پایتەختی سوودان بەدەست قەیرانی ئاوەوە دەناڵێنێت، سەرەڕای ئەوەی بە سێ رووبار دەورە دراوە، بەهۆی شەڕەوە هاووڵاتیان ناچاربوون بە دوای ئاودا بگەڕێن لە شوێنە دوورەکان و تەنانەت مەترسیدارەکان کە رەنگە گیانیان لەدەست بدەن.

لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی سوودانەوە ئاو لە زۆربەی گەڕەکەکانی خەرتوم و شارەکانی دیکەی وڵات نەماوە، بۆیە هاووڵاتیان سەرەتا پەنایان بردە بەر ئاوی دەبە، بەڵام لەگەڵ زۆربوونی خواستی ئاو و شەڕەکە پێکەوە، بڕەکەی لە فرۆشگاکاندا تەواو بووە، بۆیە خەڵک ناچار بوون راستەوخۆ ئاو لە رووباری نیلەوە وەربگرن، بەڵام بۆ ئەوەی بگەنە رووبارەکە، بەو ناوچانەدا تێدەپەڕن کە بووەتە ماتدانی شەڕ و بۆردومانکردن بە چەکی قورس و سووک و فڕۆکەی جەنگی.

لەبەر دروستبوونی قەیرانی ئاو، ئێستا فرۆشگاکان ئاوی رووبارەکان دەفرۆشن، کە نرخی بەرمیلێک ئاو بە نۆ هەزار لیرەی سوودانیە کە دەکاتە نزیکەی 6 دۆلار، هەرچەندە رەنگە بۆ خواردنەوە شیاو نەبێت.

عەلی حەسەن کە خەڵکی سوودانە، بە شەرقولئەوسەتی راگەیاند، بەیانی زوو لە خەو هەڵسام، تانکی ئاوی گەورەم خستە سەر ئۆتۆمبێلەکەم و خەریک بوو بچمە دەرەوە بۆ گەڕان بەدوای ئاودا، هاوسەرەکەم هەوڵیدا رێگریم لێبکات، چونکە دەنگی فیشەک گوێیەکانی کەڕ دەکردی، بەڵام من پشتم بە خودا بەست و رۆیشتم.

حەسەن گوتیشی: پێش ئەوەی بگەمە رووباری نیل، فیشەکێک دەرگای پشتەوەی ئۆتۆمبێلەکەمی کون کرد، بۆیە ترسام، و بێ ئاو گەڕامەوە ماڵەوە، بەڵام دراوسێکەم بە دوو لیتر ئاوی کۆگاکەی لە تینوێتی رزگاری کردین.

مەوادە محەممەد، دانیشتووی شاری خەرتوم بەهەمان سەرچاوەی گوت: بە ئازارەوە دەگریم، جنێو بە شەڕ دەدەم، چونکە من ناتوانم ئاو دابین بکەم بۆ شکاندنی تینوێتی منداڵەکانم لە شەودا، بەتایبەتی کە ئاسمان بە مووشەک و تەقەی دژە فڕۆکە ڕووناک دەکرێتەوە.

مەوادە لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "هەفتەی رابردوو بەیانیان لە گەڕەکی ئەلسەفیە ئاوم دەهێنا، تا دەمتوانی رێگەی سەلامەتم بەکاردەهێنا، بەڵام لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕەکە، ئیتر ناوچەیەکی ئارام نەماوە، چونکە لە هەموو شوێنێک پێکدادان هەیە، نازانم لە رۆژانی داهاتوودا دۆخەکەمان چۆن دەبێت، ئایا لە تینوێتیدا دەمرین یان تەقەمان لێدەکرێت؟".

محەممەد عەلی ئەلعەجەب، بەڕێوەبەری گشتی ئاوی خەرتوم، بە شەرقولئەوسەتی راگەیاند، وێستگەی ئاوی بەحری لە خزمەتگوزاری دەرچووە، چونکە هێزەکانی "پشتیوانی خێرا" رێگرییان لەو ئەندازیارانەی ئاو کرد بۆ چاککردنەوەی ئەو زیانانەی بەر پرۆژەکە کەوتوون. ئەمەش قەیرانێکی گەورەی لە ئاوی خواردنەوەدا دروستکردووە.