راگەیێندراوێکی ناڕەزایەتی لە وەزارەتی ئەوقافەوە
K24 - هەولێر:
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی رایگەیاند، تیمی رێکخراوێکی خێرخوازی سەردانی مەزارگەیەکی پیرۆزی خوشک و برایانی ئێزیدییان لە پارێزگای دهۆک کردووە و نزایەکیان کردووە کە ناوەڕۆکەکەی پێچەوانەی پرەنسیپی پێکەوە ژیانە و بریندارکردنی ھەستی خوشک و برایانی ئێزیدییە.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ئەوقافدا هاتووە: رێکخراوێک لەژێر ناوی کاری خێرخوازی و مرۆیی لەنێو کەمپی ئاوارەکاندا کاردەکەن بەناوی ( Light The Candle ) و، تیمێکی رێکخراوەکە سەردانی مەزارگەیەکی پیرۆزی خوشک و برایانی ئێزیدی لەپارێزگای دھۆک کردووە، لەگرتەیەکی ڤیدیۆیدا نزادەکەن بەڵام ناوەرۆکی نزاکانیان پێچەوانەی پرەنسیپی پێکەوە ژیانە و بریندارکردنی ھەستی خوشک و برایانی ئێزیدییە.
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەشڵێت: ئێمە لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی مەسیحیەکان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئێزیدیان، بەتوندی ئیدانەی کاری ئەم رێکخراوە دەکەین، کە بەناوی خێرخوازییەوە ئەنجامدەدرێن، لێرەوە داوا لەلایەنە پەیوەندی دارەکان دەکەین رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەم جۆرە کارانە بگرنە بەر کەسەرەنجام کاریگەری لەسەر ئارامی و ئاشتی کۆمەڵایەتی دەبێت .