بەرپرسانی ئەمەریکا ئیدارەی بایدن بە هۆکاری تێکچوونی دۆخی سوودان دەزانن
K24 - هەولێر:
بۆچوونی سەرکردە سیاسییەکانی پێشوو و نێردراوانی ئەمەریکا لە سوودان دەڵێن، ئیدارەی ئەمەریکا بەرپرسیارە لە تێکچوونی دۆخی سوودان، سەرکردایەتی مەدەنی لاواز بوو بەڵام جەوهەری بوو، "سوودان دەتوانێت ببێتە لیبیا یان سووریا".
سیناتۆر جیم ریش، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران لە پشکی کۆمارییەکان، جێفری فێڵتمان، نێردەی تایبەتی پێشووی ئەمەریکا لە ئەفریقا، دۆناڵد بوت، نێردەی پێشووی ئەمەریکا بۆ سوودان و باشووری سوودان، ئەلبێرتۆ فێرناندێز، بەرپرسی پێشووی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە خەرتووم و کامیرۆن هادسۆن، بەڕێوەبەری پێشووی ئەمەریکا لە نووسینگەی نێردەی تایبەتی ئەمەریکا لە سوودان، باسیان لە دیدگای خۆیان بۆ دۆخی سوودان کرد.
ریش، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران لە پشکی کۆمارییەکان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ شەرقولئەوسەت، سەبارەت بە ستراتیژی ئەمەریکا لە سوودان قسەی کرد و گوتی: نیگەرانم لەوەی سیاسەتی ئەمەریکا لە سوودان هێشتا چڕ بووەتەوە لەسەر گەیشتن بە هەر شتێکی کورتخایەن کە رێگە خۆشدەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەربازی زیاتر.
ریش گوتیشی: ئەمەریکا متمانەیەکی ناڕەوای بە بورهان و حەمیدتی بەخشیوە، هەروەها ئیدارەی جۆ بایدنی تۆمەتبار کرد بەوەی کە "پابەند نەبووە بە هەڕەشەکان بۆ سەر تێکدەرەکان بۆ ئەوەی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات لەسەر کارەکانیان"، دەشڵێت، "سیاسەتی ئەمەریکا لە سوودان پێویستی بە پێداچوونەوەی جددی هەیە".
جێفری فێڵتمان، پێیوابوو ئەوەی لە سوودان روودەدات هێشتا شەڕی ناوخۆ نییە، شەڕێکی دۆستانەیە لە نێوان دوو جەنەراڵ و دامەزراوەکانیان، ئاماژەی بەوەشکرد، فەرماندەی سوپا، عەبدولفەتاح ئەلبورهان و فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا، محەمەد حەمدان دەقەلۆ "حەمدتی" 46 ملیۆن هاووڵاتی مەدەنی سوودانیان بە بارمتە گرتووە لە تامەزرۆیی دەسەڵاتیاندا.
لای خۆیەوە ئەلبێرتۆ فێرناندێز کە لە نێوان ساڵانی 2007 بۆ 2009 لە سوودان کاریکردووە، ئاماژەی بەوە کردووە کە "لە ئێستادا سوپای سوودان لە هێزەکانی پشتیوانی خێرا باڵاترە"، بەڵام هێزە پشتیوانییەکان ستراتیژێکی ترسناکیان هەیە ئەویش خۆ حەشاردانە لە ناوچە نیشتەجێبووەکانی خەرتووم بۆ ئەوەی هێرشی ئاسمانی نەکەن و بەردەوام بن لە شەڕ، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خوازیاری ئاگربەستە، بەڵام هەردوولا لە ململانێکان سەرکەوتنیان دەوێت.
سەبارەت بە دۆناڵد بوت، کە پێشتر نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بوو بۆ سوودان لە نێوان ساڵانی 2019 بۆ 2021، گوتی: ئەوەی ئەمڕۆ لە سوودان روودەدات کارەساتێکی ترسناکە، بەڵام گەشبینی خۆی دەربڕی کە دوای چەندین هەوڵی شکستخواردوو، وا دیارە ئاگربەستەکە سەرکەوتوو بووبێت، ئەمەش دەرفەت بە خەڵکی سڤیل دەدات لە ناوچە جێناکۆکەکان هەڵبێن یان خۆراک و ئاویان دەست بکەوێت.
کامیرۆن هادسۆن، کە لە نێوان ساڵانی 2005 بۆ 2012 لە کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کاری لەسەر دۆسیەی ئەفریقییەکان کردووە، دەڵێت: دۆخەکە بە ئازارە، بەو پێیەی خەڵکی مەدەنی هەوڵدەدەن بەدوای سەلامەتی و یارمەتیدا بگەڕێن.
فێڵتمان رایگەیاند، روونە کە ئەمڕۆ کاری لە پێشینەی واشنتن لە سوودان ئاگربەستێکی مرۆییە، ئەمە بڕیارێکی دروستە، تا شەڕەکە بەردەوام بێت، سوودانییەکان ناتوانن خۆراک و ئاویان دەست بکەوێت، ئەوانەی دەیانەوێت بڕۆن، ناتوانن بە سەلامەتی ئەو کارە بکەن.
بەڵام فێرناندێز بۆچوونێکی جیاوازی هەبوو و گوتی: پێموایە ستراتیژی ئەمەریکا، بە تایبەتی ستراتیژی وەزارەتی دەرەوە، راستەوخۆ بەشداربووە لەو توندوتیژییەی کە ئەو دۆخەی ئەمڕۆی لە سوودان دروستکرد. ئەمەریکییەکان هەوڵیان دا شتەکان بگەڕێننەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆیان بەبێ سەرکەوتن، پاشان هەوڵیاندا لەگەڵ لایەنەکان کاربکەن بۆ دروستکردنی ستراتیژ، بەڵام نەیاندەزانی کە بوونی پێکهاتەی مەدەنی لە هاوکێشەکە بنەڕەتییە، کاتێک ئەم پێکهاتەیە لادەبەیت، دوو پێکهاتەی سەربازی بەبێ لایەنی سێیەم دەمێننەوە و ئەمەش کارەساتبارە. پێموایە ئیدارەی بایدن و فەرمانگەی کاروباری ئەفریقا بە سوکی وەریانگرت.
هادسۆن، پێیوابوو کە ئەمەریکا بە پلەی یەکەم سەرنجی لەسەر دەرهێنانی کارمەندان و هاوڵاتیانیەتی لە سوودان، "پێدەچێت هەست بکات کە تا تەواوبوونی ئەم ئەرکە بە کۆت و بەندەوە بەستراوەتەوە".