ئاگربەستی سوودان بۆ 72 کاتژمێری دیکە درێژ کرایەوە

ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی وەڵامدانەوەی خێرا لە سوودان
ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی وەڵامدانەوەی خێرا لە سوودان

K24 - هەولێر:

بە نێوەندگیری ئەمەریکا و سعوودیە، سوپای سوودان رەزامەندی نیشاندا ئاگربەست لە وڵاتەکە بۆ 72 کاتژمێری دیکە درێژ بکرێتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە سوپای سوودان، هێرشی ئاسمانی کردە سەر هێزەکانی وەڵامدانەوەی خێرا لە خەرتوومی پایتەخت، هەروەها لە رۆژئاوای دارفوش شەڕ و پێکدادان لە نێوان دوو لایەنەکە بەردەوام بووە.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەلای خۆیەوە رایگەیاند، ئاگربەستە 72 کاتژمێرییەکەی سوودان زۆر باش نەبوو بەڵام یارمەتیدەر بوو لەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بە شوێنەکانیان بگەن.

ئەنتۆنی بلینکن ئاشکراشی دەکات، بە شێوەیەکی چالاک و بەردەوام کار لەسەر درێژ کردنەوەی ئاگربەستی سوودان دەکەن.

لە 15ی ئەم مانگەوە شەڕی ناوخۆی سوودان لە نێوان سوپا و هێزەکانی وەڵامدانەوەی خێرا دەستی پێکرد، گوێڕای راگەیاندنی ئاگربەستێکی 72 کاتژمێری لە نێوانیان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، شەڕ و پێکدادان بەردەوام بووە، بڕیاریشە ئەمشەو ئاگربەستەکە درێژ بکرێتەوە.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش بڵاویکردەوە، بەڵگەیان دەستکەوتووە کە ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی لە پێکدادانەکانی سوودان بەبێ تاوان کوژراون.

لە راپۆرتێکدا سەبارەت بە دۆخی سوودان، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی باسی لەوەشکردووە، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی سوپاوە بەشێوەیەکی نایاسایی ئۆپراسیۆنی دژی کەسانی مەدەنی ئەنجامدراون و بە ئامانجگیراون