رێبوار بابکەیی: یەکێتی دەیەوێت لە سلێمانی تەواو حوکومڕان و لە هەولێر و دهۆکیش پشکدار بێت

رێبوار بابکەیی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
رێبوار بابکەیی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان

K24  - هەولێر:

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە، لە پێناو بەرژەوەندی حزبی خۆیان، خەڵکی سلێمانی لەلایەن یەکێتییه‌وه‌ کراونەتە بارمتە. هەروەها دەشڵێت: "یەکێتی دەیەوێت لە سلێمانی تەواو حوکومڕان و لە هەولێر و دهۆکیش پشکدار بێت".

رێبوار بابکەیی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24، رایگەیاند، یەکێتی دەیەوێت دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەگاتە سلێمانی و دەیەوێت داهاتی سلێمانی لە بەرژەوەندی خۆی بەکاربهێنێت.

هەروەها راشیگەیاند، یەکێتی دەیەوێت دۆسییه‌ی تیرۆرکردنی هاوکار جاف دابخرێت و خودی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوە قبوڵناکات کە سازش لەسەر رشتنی خوێنی هاووڵاتیەکی هەرێمەکەی بکات.

رێبوار بابکەیی، جەختی لەوەکردەوە: "ئێمە دەمانەوێت حکومەتی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتداربێت، نامانەوێت حزب دەسەڵاتداربێت".

باسی لەوەشکرد: "نابێت زۆنی سیاسی و ئیداری بمێنێت، پێویستە یەک زۆن هەبێت، کە ناوی کوردستانە".

ئەو ئەندامه‌ی پەرلەمانی کوردستان، دووپاتیکردەوە، یەکێتی ئامادە نییە سازش بکات لەسەر چاکسازی و شەفافییه‌تی داهات لە بانکاکان و خاڵە سنوورییەکان.

رێبوار بابکەیی، روونیکردەوە، لە سنووری هەولێر و دهۆک حزب بە تەواوی پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بە تایبەت لە پرسی حکومڕانی، شەفافیەت و چاکسازی.

بابکەیی، لە درێژەی قسەکانیدا رایگەیاند، خەڵکی سلێمانی لەلایەن یەکێتیەوە کراونەتە بارمەتە، لە پێناو بەرژەوەندی و دەسەڵاتییان.

گوتیشی: "سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا دەکات، سیسته‌مێکی کارگێری و دارایی هەبێت بۆ چاودێریکردنی کۆی گشتی داهات، بەڵام یەکێتی بەو شێوەیە قبوڵی نییە و دەیەوێت تاکلایەنانە سلێمانی بەڕێوەببات".

Fly Erbil Advertisment