سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بۆ کوردستان24 باس لە ناوەڕۆکی سەردانەکەیان بۆ ئەمەریکا دەکات
K24 - هەولێر:
شاندێکی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتووە لە سەرۆکی دەستەی گشتی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری دهۆک و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری دیترۆیتی ویلایەتی میشیگنی ئەمەریکایە بۆ بەشداریکردن لە چالاکییەکی گەورەترین دامەزراوەی رەوەندی عێراق لە ویلایەتەکە و ئامانجیانە لە ماوەی مانەوەیان و بەشداریکردنیان لەو چالاکییەیاندا وەبەرهێنانی زیاتری بیانی بۆ هەرێمی کوردستان رابکێشن.
لەبارەی ئامانجی سەردانییەکەی شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئامانجیان لەم سەردانییە بۆ بەشداریکردنە لە بیستەمین ساڵیادی دامەزراندنی ژووری بازرگانی کلدانی - ئەمەریکی، کە خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراقن و گەورەترین دامەزراوەی رەوەندی عێراقییە لە ویلایەتەکە.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە، بەشدارکردنیان لە چالاکییەکانی ژووری بازرگانی کلدانی - ئەمەریکی بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە، چونکە قەبارەی وەبەرهێنانیان لە ئەمەریکا لە سەرووی 10 ملیار دۆلارە. هەروەها گوتیشی، ئەو ژوورە بازرگانییە نیازیان وایە لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن.
محەممەد شوکری ئاماژەی بەوە کرد، شاندی ئەو ژوورە بازرگانییە پێشتر سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دیدار و کۆبوونەوەیان کردووە و سەرکوەزیران بەڵێنی پێداون کە هەموو کارئاسانییەکیان بۆ بکرێت لە هەرێمی کوردستان. هاوکات باسی لەوە کرد، سەردانەکەیان بۆ بەشداریکردن لە چالاکییەکان بۆ جەختکردنەوەیە لەسەر ئەو بابەتە، بەشێوەیەک بتوانن لە هەموو سێکتەرەکان لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن.
هەروەها سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرنجی خستە سەر ئەوەی، کە هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی باشی بازرگانی و وەبەرهێنان ناسراوە، هەوڵ دەدەن بۆ داهاتوو رۆتینەکان بۆ وەبەرهێنانی بیانی نەهێڵن تا بتواندرێت زۆرترین وەبەرهێنەری بیانی روو لە هەرێمی کوردستان بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ژووری بازرگانی کلدانی - ئەمەریکی زیاتر کار لە بوارەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی، تەندروستی، بازرگانی و گەشتوگوزاری دەکات. زیاتر گوتی، خوازیارن کارەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان بگوازنەوە بۆ هەرێمی کوردستان سوودیان لێ ببیندرێت.