تەندروستی عێراق تیمێکی پسپۆری رەوانەی سلێمانی دەکات
K24 - هەولێر
رۆژی هەینی، وەزارەتی تەندروستی تۆمارکردنی زیادبوونی حاڵەتەکانی هەوکردنی پەردەی مێشکی لە سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەری راگەیاند، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی گیان لەدەستدان تۆمار نەکراوە.
سەیف ئەلبەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقیەی راگەیاند، "هەوکردنی پەردەی مێشک لە عێراقدا هەیە و حاڵەتەکان بە تاک لە هەموو ناوچەکان تۆمار دەکرێن، بەڵام ئەوەی لە سلێمانی و بەشێک لە ناوچەکانی دەوروبەری روویدا، زیادبوونی رێژەیی ئەو نەخۆشیەیە لە عێراقە".
ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵح ئەلحەسناوی، وەزیری تەندروستی عێراق، تیمێکی ئاست بەرزی لە بەشی تەندروستی گشتی بۆ سلێمانی ناردووە، کە پێکهاتوون لە پسپۆڕانی سەنتەری نیشتمانی بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان و پسپۆڕانی بواری پەتا.
ئەلبەدر دەشڵێت "تیمەکە چوونەتە ناوچەکە و پشکنینیان بۆ توشبوەکان کردووە و پشکنینیان بۆ کراوە و نموونەیان لێوەرگیراوە و رەوانەی تاقیگەی تەندروستی گشتی ناوەندی لە بەغدا کراوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "خاڵە گرنگەکە ئەوەیە کە تائێستا هیچ حاڵەتێکی گیان لەدەستدان نەبووە، هەروەها سەرجەم حاڵەتە تۆمارکراوەکان لەژێر کۆنتڕۆڵدان و رێکاری پێویست لەگەڵیان گیراوەتەبەر، هەروەها بەشێکی زۆری نەخۆشەکان چاکبوونەتەوە".
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق روونیشی کردەوە: چاوەڕوانی پشکنین بۆ نموونەکان دەکەین بە مەبەستی زانینی هۆکاری زیادبوونەکە، هەروەها داواش لە هاووڵاتیان دەکات هەست بە تۆقاندن نەکەن، ئەوەی لە هەندێک دەزگای راگەیاندن و هەندێک پەیجی سۆشیال میدیا بڵاودەکرێتەوە.
جەختیشی لەوە کردەوە، "وەزیری تەندروستی بەشێوەیەکی تایبەتی بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکات، هەروەها تیمێکی تایبەتمەندی رەوانەی ئەو ناوچانە کردووە کە نەخۆشەکانیان تۆمارکردووە، هەروەها نموونە وەرگیراوە و لە روانگەی پەتازانییەوە لێکۆڵینەوە لە حاڵەتەکان کراوە و ئەنجامەکانیش لەگەڵ هەر وردەکارییەک بە فەرمی رادەگەیەنرێت".