تەنها سێ کیلۆمەتر چوارگۆشە شاری باخموت لەدەستی ئۆکرانیەکاندا ماوە
K24 - هەولێر
دامەزرێنەری هێزی سەربازی ڤاگنەر، یەڤگنی پریگۆژین، رایدەگەیەنێت، شەوی رابردووهێزەکانی لە باخموت 100 تا 150 مەتر پێشڕەوییان کردووە، هاوکات سەرۆکی شارەوانی سێباستۆپۆل وردەکارییەکانی بە ئامانجگرتنی کۆگاکانی نەوت لەو شارە ئاشکرا دەکات.
یەڤگنی پریگۆژین، ئاشکرای کرد، کە هێزەکانیان وردە وردە لە شاری باخموت پێشڕەوی دەکەن و تەنها چەند کەسێکیان لە دەستی هێزەکانی ئۆکرانیادا ماونەتەوە.
پریگۆژین ئاماژەی بەوەدا، هەشت مانگە شەڕێکی سەخت لەو شارەدا هەیە، ئێستا هەموو ئەو شتانەی کە لە شارەکەوە بە دەستی هێزەکانی ئۆکرانیا ماونەتەوە سێ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، واتە ئەگەر بە وردی بڵێین 2.98 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.
رۆژانی هەینی و شەممە، هێزەکانی ڤاگنەر ناوچەکانی کۆلێژی پیشەسازی و کۆلێژی پەرستاری و کەمپەکانی سوپایان کۆنترۆڵکرد، هاوکات هێرشیان کردە سەر دوا گۆڕەپان کە هێزەکانی ئۆکرانیا تێیدا پەنایان گرتبوو.
بەپێی ئەو نەخشانەی کە چالاکوانان بڵاویان کردووەتەوە، ئێستا هێزەکانی ڤاگنەر زیاتر لە 92%ی شارەکەیان کۆنترۆڵ کردووە، لەکاتێکدا هێزەکانی ئۆکرانیا کەمتر لە 8%یان کۆنترۆڵکردووە.