رۆژی زانکۆی ئەمەریکی لە سلێمانی بەڕێوەچوو

فرمێسک عوسمان: ئامانج لە رۆژی زانکۆ ئاشناکردنی پرۆژەکانی خوێندکارانە لەماوەی ساڵێکی خوێندن

K24 – سلێمانی:

زانکۆی ئەمەریکی لە عێراق – سلێمانی لە رۆژی زانکۆدا چەندین چالاکی ئەنجامدا، ئەمساڵیش رۆژى ئەو زانکۆیە جیاوازبوو چونکە لەو رۆژەدا خوێندکارە بەهرەمەندەکان، تواناکانیان نمایشکرد بۆ ئەوەى بڵێن جگە لە خوێندن ئامانجى دیکەشیان هەیە کە دەتواندرێت لە داهاتوودا سوودى لێوەربگیرێت.

رۆژی (4ـی ئایاری 2023) رۆژی زانکۆی ئەمەریکی لە سلێمانی بەڕێوەچوو، سەرجەم بەشە زانستی و سەنتەرەکانی ئەو زانکۆیە، بە نمایشکردنی پرۆژە زانستی و چالاکییە جۆراوجۆرەکانیان، بەرهەم و بەهرەمەندی خوێندکاران و کارکردنی مامۆستایان لەماوەی ئەمساڵی خوێندن بە میوانان ناساند.

لەلایەن خۆیەوە، فرمێسک عوسمان لە بەشی پەیوەندییەکانی زانکۆی ئەمەریکی لە عێراق – سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئامانج لە رۆژی زانکۆ ئاشناکردنی چالاکی و پرۆژەکانی خوێندکاران و مامۆستایانە لەماوەی ساڵێکی خوێندن بە دەرەوەی زانکۆ و بەشە جیاوازەکانی ناوخۆی زانکۆش.

خوێندکارانی زانکۆکە دڵخۆش بوون و ئاماژەی بەوەکرد، رۆژێکە بۆ نمایشکردنی بەهرەو دەستکەوتەکانی ساڵێکى فێرخوازان و  ئاهەنگگێڕان بۆ فرەچەشنی لەزانکۆى ئەمریکى لە عێراق – سلێمانى و پرۆژە و چالاکییەکانی خۆیان بەو شێوەیە ئەنجامدا کە بە میوانان بڵێن، "ئامانجیان داهینانى نوێیە".