دیموکراتەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن داوای سنووردارکردنی زیرەکی دەستکرد دەکەن
K24 - هەولێر
نوێنەری دیموکراتەکان پڕۆژەیاسایەکی پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەران کردووە، کە داوای سنووردارکردنی بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد لە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکات، چونکە خەڵک چەواشە دەکات و هەڵدەخەڵەتێنێت.
ئێڤێت کلارک، نوێنەری دیموکراتەکان لە نیویۆرک پڕۆژەیاسایەکی پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەران کرد، کە داوای سنووردارکردنی بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد دەکات، لە بانگەشەکانی هەڵبژاردنی ساڵی 2024 دا، چونکە هەردوو پارتی ئەمەریکا پلانی ئەوەیان هەیە کە زیرەکی دەستکرد بەکاربهێنن بۆ بەهێزکردنی هەڵمەتی کاندیدەکانیان.
ئەم هەنگاوەی یاسادانان لە وەڵامی رێکلامێکدا بوو کە لەلایەن کۆمیتەی نیشتمانی کۆمارییەکانەوە بڵاوکرایەوە بە ناونیشانی "بایدن ببەزێنە"، کە باس لە دۆخێکی نائومێدی ئەمەریکا دەکات دوای دووبارە هەڵبژاردنەوەی سەرۆکی دیموکراتەکان، ریکلامی هەڵبژاردنەکە چەند ڤیدیۆ و وێنەیەکی تێدابوو کە بە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد دروستکراون، وێنەی بڵاوکردنەوەی سەربازی لە شارەکانی ئەمەریکا، داخستنی سان فرانسیسکۆ بەهۆی بڵاوبوونەوەی تاوان، دەستپێکردنی جەنگ لە ئەنجامی داگیرکردنی تایوان لەلایەن چینەوە، لێشاوی هەزاران کۆچبەر لەسەر سنووری مەکسیک و داڕمانی ئابووری ئەمەریکا.
کلارک گوتیشی: "پێویستە زیرەکی دەستکرد رێکبخرێتەوە، تاوەکو دەنگدەرەکان راستیەکانیان ببینن و ببیستن لە شاشەکان دەربارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، کە ئەمە یەکەم جارە لە مێژوودا پارتەکان زیرەکی دەستکرد لە هەڵمەتەکانی بانگەشەدا بەکاربهێنرێت، دەشڵێت، "یاساکانی ئێستا لەگەڵ خێرایی پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد ناگونجێن، بە تایبەتی ئەگەر ناوەڕۆکەکە بتوانێت خەڵک چەواشە بکات و هەڵخەڵەتێنێت، ئەوا دەکرێت کاریگەری گەورەی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی و ئاسایشی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا هەبێت".
پڕۆژەیاساکەی کلارک داوا لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی فیدراڵی دەکات کە سەرپەرشتی ئەو رێکلامانە بکات کە زیرەکی دەستکرد بەکاردەهێنن و توانای بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵەیان هەیە بە شێوەیەکی بەربڵاو، هەروەها پڕۆژە یاساکە ئاماژە بەوە دەکات کە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی فیدراڵی چەند یاسایەک دەردەکات کە بە روونی ناوەڕۆکی زیرەکی دەستکردی وەرگیراو پێناسە دەکات.
کلارک پێشنیاری سەپاندنی سزای کردووە بۆ ئەوانەی زیرەکی دەستکرد لە رێکلامکردنی هەڵبژاردندا بەکاردەهێنن، هەروەها داوای کردووە ئەو رێوشوێنانەش لە سەرەتای مانگی یەکی ساڵی 2024دا جێبەجێ بکرێن.