فەلاحەتپیشە: ململانێی ناوخۆی ئێران شکستی بە دیپلۆماسییەتی دانوستانەکان هێناوە

فەلاحەتپیشە: نێوەندگیرەکان بە گوێرەی هەژموون و بەرژەوەندییەکانیان لە نێوان ئێران و ئەمریکا رۆڵ دەگێڕن، نەک رێککەوتن

حیشمەتوڵڵا فەلاحەتپیشە، سەرۆکی پێشووی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی لە پەرلەمانی ئێران ململانێی ناوخۆی وڵاتەکەی ئاشکرا دەکات و دەڵێت: لە دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکادا، حکوومەت دەسەڵاتی دیپلۆماسی لە دەستداوە و نەیتوانیوە بەرامبەر بەو هێزانەی لەناوخۆدا رۆڵی دانوستانەکان لاواز دەکەن، بەرگری لە پێگەی خۆی بکات، بڕواشی وایە وڵاتانی نێوەندگیر بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانیان کار دەکەن، نەک رێککەوتنی ئێران و ئەمریکا.

فەلاحەتپیشە قسەی بۆ ماڵپەڕی روویداد24ـی فارسی کردووە و گوتی: دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا بە بنبەست گەیشتووە، هاوکات جارێکی دیکە مشتومڕ لەبارەی رۆڵی حکوومەت، دامەزراوە بڕیاردەرەکان و وڵاتانی نێوەندگیر لە شکستهێنانی هەوڵە دیپلۆماسییەکاندا بوونەتەوە جێی مشتومڕ. 

هەروەها پەردەی لەسەر ناکۆکییە ناوخۆییەکان لەبارەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا و کاریگەرییەکانی لەسەر یەکگرتوویی بڕیاردان لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی هەڵماڵی و دەڵێت: بەشی هەرە زۆری ئەو ناکۆکییانەی لە بارەی دانوستانەکانی پەیوەست بە جەنگ دروستبوون، بۆ لاوازیی حکوومەتەکەی پزیشکیان دەگەڕێنەوە، کاتێک دەسەڵاتی دانوستان بە حکوومەت سپێردرا، سروشتییە دەبوو هەماهەنگی لەنێوان دیپلۆماسیی فەرمی و دیپلۆماسیی گشتیشدا هەبووایە، بەڵام لە رواڵەتدا، تەنیا دیپلۆماسیی فەرمی بە حکوومەت سپێردرا و دیپلۆماسیی گشتی نەخرایە بەردەستی حکوومەت.

فەلاحەتپیشە پەنجە دەخاتە سەر ئەو هێرشە ناوخۆیانە بۆ سەر حکوومەتەکەی مەسعود پزیشکیان و شکست پێهێنانی لە رۆڵی دانوستان و دەڵێت: دامەزراوەکانی وەک تەلەفزیۆنی فەرمی (سەداوسیما)، هێرشی بەشێک لە کەسایەتییەکان لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانیشی تێدا بووە، بە هێرش و رەخنەکانیان رۆڵێکی پووچەڵکەرەوەیان لە ئەرکی حکوومەتدا دەگێڕا.

نموونەی ئەم دوو بەرەکییەشی بەوە هێناوەتەوە، کاتێک سەرۆککۆمار، مەسعود پزیشکیان و وەزیری دەرەوە، عەباس عێراقچی لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتاریان پێشکەش کرد، لە ناوخۆی ئێراندا کۆمەڵێک کەس ئەو رۆڵەیان لاواز دەکرد، تەنانەت پەرلەمانتارێک داوای لە ئەمریکییەکان کردبوو رێگە نەدەن پزیشکیان بچێتە ئەمریکا و ئامادەبوونی ئەوی بە خیانەت دەزانی.

بە گوتەی فەلاحەتپیشە، ئەم جۆرە هەڵوێستانە بوونە هۆی ئەوەی لایەنی بەرامبەر بگاتە ئەو دەرەنجامەی کە شاندی ئێرانی خاوەنی هێز و دەسەڵاتی پێویست بۆ دانوستان و گەیشتن بە رێککەوتن نییە، دەڵێت: ئەم دۆخە توانای دیپلۆماسیی ئێران لاواز دەکات و کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئەگەری گەیشتن بە لێکتێگەیشتن دادەنێت.

فەلاحەیپیشە: حکوومەت نەیتوانی بەرگری لە پێگەی سەرۆکایەتیی کۆمار بکات

فەلاحەیپیشە ئاماژەی بەوەشدا، بە یاسا، بابەتە باڵاکانی سیاسەتی دەرەوە و پرسە گەورە سیاسی و ئابوورییەکان دەکەونە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانییەوە کە سەرۆککۆمار سەرۆکایەتی دەکات. لەم چوارچێوەیەدا بڕیاردان لەبارەی پرسە گەورەکاندا دەکرێت و بابەتە پەیوەندیدارەکانیش دەبرێنەوە بەردەم رێبەری باڵا. بەڵام لاوازیی توانا و دەسەڵاتی حکوومەتەکەی پزیشکیان لەوە دایە، هەرگیز نەیتوانیوە پێگەیەکی راستەقینە بەرگریی لە سەرۆکایەتیی کۆمار بکات. 

راشیگەیاند، کاتێک بەرپرسێک نەتوانێت شکۆی پێگە و دەسەڵاتەکەی بپارێزێت، سروشتییە ناتوانێت ئەو ئەرکانەی پێی سپێردراون بەرامبەر وڵاتانی دیکە، بەتایبەتی لە جەنگ و ئاشتیدا، بە باشی جێبەجێ بکات، تەنانەت راسپاردنی قالیباف بە سەرۆکی شاندی دانوستانکار، نەیانتوانی رێگری لە شکستی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد بکەن؛ لێکتێگەیشتنێک کە بە بڕوای من، لێکتێگەیشتنێکی باش بوو. هەموو ئەم دۆخە بە زیانی دیپلۆماسی شکایەوە.

فەلاحەتپیشە: ساردبوونەوەی نێوەندگیرەکان نیشانەیەکی شکستی دیپلۆماسیی ئێرانە

حیشمەتوڵڵا فەلاحەتپیشە رەخنە لە سیاسەتی پشتبەستنی لە رادەبەدەری سیاسەتی ئێران بە نێوەندگیرەکان دەگرێت و دەڵێت: سیاسەتی دەرەوەی ئێران گیرۆدەی نێوەندگیریی بووە. 
کاتێک عومان و میسر، سعوودیە، پاکستان و قەتەر لە دەستپێشخەری و هەوڵەکانی نێوەندگیریی ئێران و ئەمریکادا سارد دەبنەوە، ئەمە ئاماژەیە بۆ شکستی دیپلۆماسییەتی ئێران، ئەمەش وایکردووە بەشێکی گرنگی توانا دیپلۆماسییەکانی ئێران لەناو بچێت و پرسە سەرەکییەکانی پەیوەندیی تاران و واشنتن بکەونە ژێر کاریگەریی هەژموون و بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی نێوەندگیر.

گوتیشی: بەهۆی ئەوەی ئێران هەرگیز ئامادە نەبووە راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا دانوستان بکات، ئەمە وایکردووە نێوەندگیرەکان هەر یەکێکیان بە گوێرەی بەرژەوەندیی تایبەت بە خۆیان رۆڵ بگێڕن و لێرەدا پرسی سەرەکیی ئێران و ئەمریکا بوونەتە پاشکۆی بەرژەوەندیی نێوەندگیرەکان.