بەرهەمهێنانی توتن لە پارێزگای هەڵەبجە کەمیکردووە

K24 - هەڵەبجە

تا ساڵی نه‌وه‌دەکان زیاد لە %85ی زەویە کشتوکاڵییەکانی هەڵەبجە بۆ بەرهەمی توتن تەرخان کرابوون، بەهۆی بەرزی بەهاکەیەوە کە لەلایەن کارگەکانەوە وەردەگیرا، ئێستا زەوییەکان لە جێگەی توتن بە دانەوێڵە داچێندراون یاخود کراون بە باخ، چونکە هیچ کارگەیەک نە لە ناوچەکە و نە لە کوردستان نییە تا ئەو بەرهەمەیان بۆ ساغ کاتەوە.

محەممەد عومەر،هاووڵاتییەکی دانیشتووی هەڵەبجەیە و  ژوورێکی تەرخان کردووە بۆ پاراستنی رەنجی چەندین ساڵەی، توتنی 30 ساڵەی لە ژوورەکەدا هەڵگرتووە، بەڵام تائێستا کڕیاری دەست نەکەوتووە توتنەکانی پێ بفرۆشێت.

ئەو دەڵێت: "ساڵانی پێشووتر خەڵکی زۆربەی ناوچەکانی کوردستان بە داهاتی توتن دەژیان".

سەبارەت بە نەبوونی خواست لەسەر بەرهەمی توتن، ستار مەحموود، بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی هەڵەبجە بە کوردستان24ی گوت: "ساڵانی رابردوو کە توتن دەکرا دڵنیایی بە جووتیاران دەدرا کە بەرهەمەکەیان لێوەردەگیرێت، ئێستاش ئەگەر بەرهەمەکە ساغ بکرێتەوە خەڵکی جارێکی دیکە روو لە داچاندنی توتن دەکەن".

چەندین جۆری توتن لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە لە ساڵانی 1970 تاساڵی 1991 کراوە، زۆرینەی زەویە کشتوکاڵییەکان بە توتن دادەچێنران و بە هەرەوەزی ئامادە دەکران بۆ کارگەکان. بەڵام ئێستا چاندنی توتن لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە گرنگی پێنادرێت و بەرهەمهێنانی بە یەکجاری نەماوە.