کارگەیەکی کوردستان بەرهەمی ناوخۆیی رەوانەی سوید دەکات

بەرهەمی ناوخۆیی کوردستان
بەرهەمی ناوخۆیی کوردستان

K24 – هەولێر:

خاوەن کارگەیەکی بەرهەمی خۆراکی لە دهۆک رایدەگەینێت، بەرهەمی کوردی رەوانەی وڵاتی سوید دەکەن کە پێکهاتووە لە برنج، تەحین و سماق، دەشڵێت : زۆرینەی کڕیاری بەرهەمە خۆراکییەکان لە سوید کوردن.

ئەمڕۆ یەکشەمە (7ـــی ئایاری 2023)، ئاراس حەمید، خاوەن کارگەی ئاریاس، بە کوردستان24ــی راگەیاند، ئەمساڵ بەرهەمی ناوخۆیی کوردستان بە ناونیشانی (Made in Kurdistan) رەوانەی وڵاتی سوید دەکرێت، کە پێکهاتووە لە، برنج ، تەحین و سماق.

بە گوتەی خاوەنی کارگەکە، یەکێک لەو بەرهەمە کوردییانەی کە خواستێکی زۆری لەسەر هەیە ئەویش سماقی کوردیە و دەشڵێت: جگە لە وڵاتە ئەوروپیەکان کە خواستی زۆریان هەیە بۆ بەکارهێنانی سماقی کوردی، وڵاتانی عەرەبیش خواستیان لەسەر بەکارهێنانی سماقی کوردی هەیە.

ئاراس حەمید گوتیشی: زۆرینەی بەکارهێنەری بەرهەمی ناوخۆیی کوردستان لە ئەوروپا کوردن، هەروەها ئەوروپییەکانیش بە هەمان شێوەی هاووڵاتییە کوردەکان خواستی بەکار‌‌هێنانی بەرهەمی خۆراکی کوردییان هەیە.

راشیگەیاند:"هیچ سماقێک بەقەت هی کوردستان خۆشنابێت، بە تایبەت سماقی شارۆچکەی ئاکرێ".

ئاراس حەمید، ئاماژەی بەوەشدا، بەرهەمی خۆماڵی کوردستان، بەهۆی کرێی تێچووی گواستنەوە، لە هەموو بەرهەمی وڵاتانی دیکە گرانترە.

خاوەنی کارگەی ئاریاس، داواکارە هاووڵاتییە کوردەکانی دانیشتووی ئەوروپا، پاڵپشتی بەرهەمی خۆماڵی کوردستان بکەن بۆ ئەوەی کوردستانیش، هاوشێوەی وڵاتانی دیکە ببێتە خاوەنی ئابووری سەربەخۆ و وەک خاوەنکارێک هیوای ئەوەی خواست کە کوردستان لە نزیکترین کاتدا ببێتە وڵاتێکی هەناردەکار نەک تەنیا وڵاتێکی هاوردەکار بێت.