سەرۆکی لیژنه‌ی ته‌ندروستیی په‌رله‌مانی عێراق ره‌خنه له كه‌می بودجه‌ی كڕینی ده‌رمان ده‌گرێت
K24 - هەولێر:
لیژنه‌ی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی په‌رله‌مانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی بۆ كڕینی ده‌رمان و پێداویستیی پزیشکی کە لەناو بودجه‌دا ته‌رخانكراوه، له ئاست دۆخی ته‌ندروستیی وڵات‌دا نییه.
ماجد شنگالی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی ته‌ندروستیی و ژینگه‌ی په‌رله‌مانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكردووه، کەرتی تەندروستی لە كاره پێشینه‌كانی بەرنامەی حکومەت داندراوه، بەڵام ئەو بڕە پارەیەی کە لە چوارچێوەی خەرجییەکانی ئیدارەی دەرماندا له بودجه‌دا تەرخانکراوە 1.6 ترلیۆن دیناره، ئه‌مه‌ش زۆر کەمه و پێویستی به پێداچوونه‌وه هه‌یه.
شنگالی راشیگه‌یاندووه، یەک پێكوته له دەرمانی شێرپەنجە زیاتر لە 3 هەزار دۆلاری تێدەچێت، بۆیە دەبێت بودجەی ته‌رخانكراو زیاد بکرێت بۆ ئەوەی لانیکەم لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا هاوسەنگ بێت.
بە ئامادەبوونی 198 پەرلەمانتار دانیشتنی ژمارە (20)ـی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و ئامادەبوونی هەردوو جێگرەکەی لە درەنگانی شەوی یەکشەممە (16ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجە دەستیپێکرد، بەڵام دوای خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی دارایی، دانیشتنەکە هەڵگیرا بۆ رۆژی دووشەممە و دوای گفتوگۆی پەرلەمانتاران و پێشکەشکردنی سەرنج و تێبینییەکان کۆتایی هات بە خوێندنەوەی دووەمی پرۆژەیاساکە.
درەنگانی شەوی چوارشەممە (5ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، بە ئامادەبوونی 235 پەرلەمانتار پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 کرد.
رۆژی (13ـی ئادار/مارسی 2023)، ئەنجوومەنی وه‌زیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی په‌سه‌ندكرد، کە زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژەبەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.