دیندار زێباری: کابینەی نۆیەم گرنگی بە بیمەی کۆمەڵایەتی و دەرفەتی کار دەدات

K24 - هەولێر:

رێكخه‌ری راسپارده‌ نێوه‌ده‌وڵه‌تییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دەڵێت، حکومەتی هەرێم دەیان پڕۆژەی له‌ڕووی دابینكردنی بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌رفه‌تی كاردا هەبووە.

رۆژی دووشەممە 8ـی نیسانی 2023، دیندار زێباری، رێكخه‌ری راسپارده‌ نێوه‌ده‌وڵه‌تییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگه‌یاند، له‌ڕووی دابینكردنی بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌رفه‌تی كار له‌كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان 334 پڕۆژە‌ له‌ سێكته‌ری بازرگانی و هه‌روه‌ها 330 پڕۆژە‌ له‌سێكته‌ری گه‌شتیاری و ده‌یان پڕۆژه‌ی دیكه‌ی له‌ سێكته‌ره‌كانی وه‌رزشی و بانكی هه‌بووه‌.

هەر لەبارەی دەرفەتی کار بۆ کرێکارانی کەم ئەندام لە هەرێمی کوردستان، رێكخه‌ری راسپارده‌ نێوه‌ده‌وڵه‌تییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان بە بەردەوامی کاریان لەسەر دابینکردنی مافی ئەو کرێکارانە و رێکخستنەوەی ئەرک و کارەکانیان کردووە. 

ئەمە لە کاتێکدایە لەماوەی رابردوودا چالاك ره‌ئوف، سه‌رۆكی لقی سلێمانی سه‌ندیكای كرێكارانی كوردستان، له‌ رۆژی جیهانی كرێكاران لە لیدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگه‌یاند، یاسای كار له‌ ساڵی 2022 له‌ په‌رله‌مانی كوردستان په‌سه‌ندكرا، زۆرێك له‌ ماف و داواكانی كرێكارانی كوردستانی تێدا په‌سه‌ند كراوه‌.

گوتیشی: "كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین، له‌گه‌ڵ كه‌رتی تایبه‌ت پڕۆژه‌ی نیشته‌جێبوون بۆ ئه‌و كرێكارانه‌ی دابین بکرێت، كه‌ له ‌كه‌رتی تایبه‌ت كارده‌كه‌ن و مووچه‌كانیان له ‌سه‌رووی 400 هه‌زار دیناره‌".