بڕیاری لێخۆشبوون لە بەشێكی قەرزی كرێی ئاو درێژكرایەوە

K24 – هەولێر

وەزارەتی شارەوانی رایگەیاند، لەبەر بەرژەوەندی هاوبەشانی ئاو كە قەرزی كرێی ئاویان لەسەر كۆبووەتەوە و بە رەچاوكردنی دۆخی دارایی هاووڵاتییان بە گشتی، بڕیاری لێخۆشبوونی قەرزی ئاو بە رێژەی 15% بۆ ماوەی تەنیا یەك مانگ درێژ كرایەوە.

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەداوە، درێژكردنەوەی بڕیارەكە  دوای هەڵسەنگاندنی پڕۆسەی بابەتی لێخۆشبوونی رێژەی 15%ی  کرێی ئاو و داواکارییەکی زۆری هاووڵاتییان بۆ ئەم بابەتە و سوودمەندبوونی هەزاران هاووڵاتی لە بڕیارەكە، بۆ ئەو مەبەستە بڕیاردرا بە درێژكردنەوەی ماوەی لێخۆشبوون لە ئێستاوە تا 10/6/2023 و لەمڕۆوە هاووڵاتییان دەتوانن دەست بە مامەڵەی سوودمەندبوون بكەن، فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو بۆ راییكردنی مامەڵەی سوودمەندبوون هەموو ئاسانكارییەك بۆ هاووڵاتییان دەكەن.