ئەڵمانیا دوو ئەندامی حزبوڵڵای دەستگیرکرد

K24- هەولێر

دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا دوو ئەندامی حزبوڵڵایان دەستگیر کرد، بە تۆمەتی بڕیاری قەدەغەکردنی حزبوڵڵا.

داواکاری گشتی فیدراڵی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کەسێکی لوبنانی بە ناوی حەسەن و هەروەها هاووڵاتیەکی لوبنانی- ئەڵمانی بەناوی عبدولەتیف، لە شارۆچکەکانی ئوریچ و کوکسهاڤن دەستگیرکراون.

لە راگەیەندراوەکەی داواکاری گشتیدا هاتووە، "حزبوڵڵا" کۆمەڵەیەکی توندڕەوە، و ژمارەی ئەندامانی بە 20 هەزار چەکداری مەشقپێکراو مەزەندە کراوە، هەروەها حزبەکە خەڵکی مەدەنی بە ئامانج دەگرێت لە شەڕەکان، هەروەها بەرپرسیارە لە ژمارەیەک کوشتن و هێرشکردندا.

سەرەتای ساڵی رابردوو وەزارەتی ناوخۆی ویلایەتی برێمن قەدەغەکردنی "رێکخراوی مستەفا"ی راگەیاند، دوای ئەوەی کۆمەڵەکە بە "قۆڵی حزبوڵڵا" و کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ئەو رێکخراوە تۆمەتبار کرا.

لە ساڵی 2020 دا، ئەڵمانیا بەبڕیارێک رێکخستنی حیزبوڵڵای لە ئەڵمانیا قەدەغە کرد، ئەمەش لە بنەڕەتدا بە واتای قەدەغەکردنی چالاکییەکانی و رێگریکردن لە هەڵکردنی ئاڵای خۆی یان کۆکردنەوەی پارە و ناردنی بۆ ئەو حزبە لە لوبنان.