رووماڵ

پشتیوان سادق: ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی هه‌نگاوێكی‌ گرنگه‌

پشتیوان سادق، وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی
پشتیوان سادق، وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی

K24 - هەولێر:

وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌گرنگییه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی بۆ كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و رایگه‌یاند، هه‌نگاوێكی‌ گرنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پارتی  و یه‌كێتی به‌یه‌كه‌وه‌ كۆببنه‌وه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ پشتیوان سادق، وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی بۆ كۆبوونه‌وه‌ی نێوان هه‌موو لایه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، هه‌نگاوێكی‌ گرنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی به‌یه‌كه‌وه‌ كۆببنه‌وه‌.

وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی روونیشیكرده‌وه‌، رۆژی (یه‌كشه‌ممه‌ 14ـی ئایاری 2023) كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ئه‌نجام ده‌درێت، گوتیشی، تیمی یه‌كێتی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئاماده‌ ده‌بن.

له‌باره‌ی مووچه‌ و بودجه‌ی سلێمانییه‌وه‌، پشتیوان سادق رایگه‌یاند، ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت و یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه‌.

سەرۆک مەسعود بارزانی لەمیانی گوتارێکیدا لە رێورەسمی کردنەوەی یادگه‌ی نیشتمانی بارزانی، داوای لە لایەنە سیاسییە کوردییەکان کرد، بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی ناوچەکە، پێش 18ـی ئەم مانگە، کۆبووەوەیەکی گەورە ساز بکەن.

سەرۆک بارزانی سەبارەت بە بانگەوازەکەی، رایگەیاند: پێش ئەم کۆبوونەوەیە داوا لە هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی دەکەم، کۆبوونەوەیەک بکەن، تا ئەم تەمومژییە نەمێنێت و زەمینەسازی بۆ کۆبوونەوە گەورەکە بکەن.

رۆژی (دووشممه‌ 8ـی ئایاری 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت کرد و پێکەوە تاوتوێی کێشە و گرفتە دارایی و ئیدارییەکانی بەردەم حکومەتی هەرێمیان کرد.