سه‌رۆكی هیلال له‌ باره‌ی مێسی: یانه‌كه‌مان له‌ هه‌موو یاریزانێك گه‌وره‌تره‌

لیۆنێل مێسی یاریزانی پاریس سانجێرمان و فه‌هد بن نافڵ سه‌رۆكی یانه‌ی هیلالی سعوودیه‌
لیۆنێل مێسی یاریزانی پاریس سانجێرمان و فه‌هد بن نافڵ سه‌رۆكی یانه‌ی هیلالی سعوودیه‌

فەهد بن نافل، سەرۆکی یانەی هیلالی سعوودیه‌ ڕەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەگەری گواستنه‌وه‌ی لیۆنێل مێسی بۆ وه‌رزی داهاتوو بدات. ده‌شڵێت: هه‌ر ئه‌ستێره‌یه‌ك بێته‌ هیلال ده‌بێت له‌وه‌ تێبگات یانه‌كه‌مان له‌ هه‌موو یاریزانێك گه‌وره‌تره‌.

سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا بڵاویکرده‌وه‌ که‌ رۆیشتنی لیۆنێل مێسی یاریزانی پاریس سانجێرمان بۆ یه‌كێك له‌ یانه‌كانی سعوودیه‌ نزیكبووه‌ته‌وه‌ و ته‌نیا راگه‌یاندنی فه‌رمی ماوه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌، بن نافل سه‌رۆكی یانه‌ی هیلال له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری گواستنه‌وه‌ی مێسی گوتی: تكایه‌ لەبارەی مێسیەوە پرسیارم لێ مەکەن، هیچ هەواڵێکتان پێ نادەم، باوه‌ڕ به‌ هیچ شتێك مه‌كه‌ن تا له‌ راگه‌یاندنی یانه‌كه‌مان بڵاونه‌بێته‌وه‌.

بن نافڵ له‌ چاوپێكه‌تنێكی ته‌له‌ڤزیۆنی كه‌ناڵی سعوودیه‌ ده‌ڵێت: به‌گشتی تیپه‌كه‌مان لە هەموو یاریزانێک گرنگترە، هەر ئەستێرەیەک بێتە یانەکەمان دەبێت بزانێت کە ئێمە تیپێکی گەورەین، له‌سه‌رووی هه‌موو یاریزانێكین، ئامانجمان باشترکردن و به‌هێزبوونی تیپه‌كه‌مانه‌، به‌ڵام ئەگەر سەرنجت لەسەر یەک یاریزان بێت، ئەوا بە گشتی تیپەکە لەدەست دەدەیت.

ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ خۆرخی مێسی باوکی لیۆنێل مێسی ڕه‌تی دایه‌وه‌ كه‌ بە هیچ شێوەیەک لیۆی كوڕی ڕێککەوتنی لەگەڵ هیچ یانەیەکدا نییە بۆ ساڵی داهاتوو، ده‌شڵێت: مێسی تا كۆتایی ئه‌م وه‌رزه‌ له‌گه‌ڵ پاریس هیچ بڕیارێك نادات، کاتێک وەرزەکە تەواو بوو ئه‌وكات بزانین چی رووده‌دات.

خۆرخی مێسی گوتیشی: هه‌میشه‌ ناوی لیۆنێل بەکاردەهێنن بۆ بەدەستهێنانی ناوبانگ، بەڵام ڕاستییەکە تەنها یەکە و دڵنیابین لەوەی هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ کەسدا نییە. نە زارەکی، نە واژۆکردن، نە ڕێککەوتن.

لیۆنێل مێسی و فه‌هد بن نافڵ
لیۆنێل مێسی و فه‌هد بن نافڵ