پەیوەندی نهێنی سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر لەگەڵ هەواڵگری ئۆکرانیا ئاشکرا دەبێت
K24 - هەولێر
بەڵگەنامەیەکی نوێ لە بەڵگەنامە سەربازییە دزەپێکراوەکانی ئەمەریکا دەریخستووە کە سەرۆکی گرووپی ڤاگنەری رووسی، یڤگنی پریگۆژین، پێشنیاری کردووە کە شوێنی هێزەکانی رووسیا بداتە سوپای ئۆکرانیا.
رۆژنامەی "واشنتن پۆست" بە راپۆرتێکی درێژخایەن ئەم دزەپێکردنەی بڵاوکردەوە، کە تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە کە پریگۆژین، شوێنی هێرشەکانی هێزەکانی رووسیای بە سوپای ئۆکرانیا راگەیاندووە، لەوکاتەی کە هێرشیان دەکەنە سەر لەشاری باخموت، بۆیە دەبێت هێزەکانیان لە ناوچەکان بکشێننەوە، کە گرووپی ڤاگنەر زیانێکی زۆریان بەرکەوت.
لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، کە لە کۆتایی مانگی یەکدا، لە شەڕێکدا لەشاری باخموت هەزاران سەربازی رووسیا کوژراون، بۆیە پریگۆژین ئۆفەرێکی نائاسایی پێشکەش بە ئۆکرانیا کردووە.
بەپێی ئەو بەڵگەنامە دزەپێکراوانەی ئەمەریکییانە، پریگۆژین ئەو پێشنیازەی بۆ ئەو کەسانە کردووە کە لە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی ئۆکرانیادا کاردەکەن، کە لە کاتی شەڕدا پەیوەندی نهێنی لەگەڵیان هەبووە.
سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر رەخنەی توندی لە سەرکردە سەربازییەکانی رووسیا گرت و بانگەشەی ئەوەی کرد کە رووسیا شکستی هێناوە لە پڕچەککردن و دووبارە دابینکردنی چەکدار بۆ هێزەکانی.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بەڵگەنامە دزەپێکراوەکە شوێنی ئەو هێزانەی رووسیا روون ناکاتەوە، کە پریگۆژین پێشنیاری ئاشکراکردنی کردووە.
دوو بەرپرسی ئۆکراینی بۆ رۆژنامەکە پشتڕاستیان کردەوە کە پریگۆژین چەند جارێک لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری ئۆکرانیا قسەی کردووە، بەرپرسێکیش باسی لەوە کرد، سەرۆکی ڤاگنەر زیاتر لە جارێک ئەو ئۆفەرەی سەبارەت بە باخموت پێشکەش کردووە، بەڵام کیێڤ رەتیکردووەتەوە، چونکە بەرپرسان متمانەیان بە پریگۆژین نەبووە و پێیانوابووە رەنگە پێشنیارەکانی فریودەر بن.
لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوودا، دادگای فیدراڵی ئەمەریکا، پیاوێکی سەربازی تەمەن 21 ساڵی تۆمەتبار کرد بە دزەپێکردنی زنجیرەیەک بەڵگەنامەی بەرگریی زۆر نهێنی کە پەیوەندییان بە شەڕی ئۆکرانیاوە هەبوو.