ئەمساڵ 95 کەس لە عێراق تووشی نەخۆشی تای خوێنبەربوون بوونە
K24 - هەولێر
وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ژمارەی توشبووانی تای خوێنبەربوون لە عێراق بەرزبووەتەوە بۆ 95 حاڵەت، هەروەها 13 کەسیش بەهۆی نەخۆشیەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
سەیف ئەلبەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقیەی راگەیاند، ئەو کەسانەی توشی نەخۆشییەکە دەبن، زیاتر ئاژەڵدار و کارکردن لە قەسابخانەکان تووش دەبن.
ئەلبەدر ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە بەو مانایە نییە کە خەڵکی دیکە تووشی ڤایرۆسەکە نابن، بەڵکو ئەوانەی زۆرترین بەرکەوتنیان لەگەڵ ئاژەڵەکاندا هەیە لە کاتی گواستنەوە و بازرگانیکردنیان، یان دوای سەربڕینیان ئەگەری تووشبوونیان زیاترە.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی تەندروستی روونیشیکردەوە، "باوترین رێگەی گواستنەوەی نەخۆشییەکە لە رێگەی (گەنە)ـەوەیە کە جۆرێکە لەمێش ومەگەز بە پێستی ئاژەڵەوە دەلکێت و خوێنی دەمژێت.
تای خوێنبەربوون کە بە "تای خوێنبەربوونی کریمیا - کۆنگۆ" ناسراوە، هەروەها بە یەکێک لە کۆمەڵەی تای خوێنبەربوونی ڤایرۆسی دادەنرێت کە بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بڵاودەبێتەوە.
دوای ئەوەی کەسێک تووشی ڤایرۆسەکە دەبێت، نزیکەی هەفتەیەکی پێدەچێت بۆ دەرکەوتنی نیشانەکانی، کە بریتیە لە خێنبەربوونی ناوەکی یان دەرەکی لەگەڵ تایەکی بەرز.
بەگوێرەی زانیاریەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، رێژەی مردن بەتای خوێنبەربوون لەسەدا 40 تاوەکو هیچ چارەسەرێکی بۆ نەدەزۆراوەتەوە.
نیشانەکانی تای خوێنبەربوون بریتین لە (تا، ئازاری ماسولکە، سەرگێژخواردن و سەرئێشە، ئازاری مل و پشت، هەوکردنی چاو و هەستیاری بە ڕووناکی، رشانەوە و سکچوون، ئازاری سک، ئاوسانی گەروو)