خالید ئەلبێرت: دوای ساڵی 2003 نیو ملیۆن کریستیان کۆچیان بۆ هەرێمی کوردستان کردووە

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری کاروباری کریستیانەکان لە وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت: هەرێمی کوردستان بەردەوام باوەشی بۆ پێکهاتەکان و بەتایبەت 'کریستییانەکان' کردووەتەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێکی ئەو کریستیانانەی کۆچیان کردووەتە هەرێمی کوردستان، لە هەرێم ماونەتەوە، بەشێکی دیکەشیان چوونەتە دەرەوەی وڵات.  

ئەمڕۆ سێشەممە 16ـی ئایاری 2023، خالید ئەلبێرت، بەڕێوەبەری کاروباری کریستییانەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند: "دوای ئازادکردنی عێراق لە ساڵی 2003 و سەرهەڵدانی کێشە و ململانێکان لەنێوان سووننە و شیعەکاندا لە ناوەڕاست و باشووری عێراق، نیو ملیۆن کریستیان کۆچیان کردە هەرێمی کوردستان، بەشێکیان مانەوە، بەشێکی دیکەشیان کۆچیان کردە دەرەوەی وڵات".

خالید ئەلبێرت روونیشیکردەوە، دوای هێرشی داعش بۆ سەر مووسڵ و ناوچە جیاوازەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق لە ساڵی 2014، 130 هەزار کریستیان لەو ناوچانەوەوە کۆچیان کردووەتە پارێزگا جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان "لێرە مانەوە و هەرێمی کوردستان باوەشی بۆ کردنەوە".

بەڕێوەبەری کاروباری کریستیانەکان لە وەزارەتی ئەوقاف گوتیشی: "راستە بەشێک لە کریستیانەکان گەڕاونەتە شوێنەکانی خۆیان، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو متمانەیە لەگەڵ هەندێکیان دروست نەبووە و لێرە ماونەتەوە. زیاتر لە 30 هەزار خێزان لە بەینی هەولێر، سلێمانی و دهۆک ماونەتەوە".

لەبارەی کۆی گشتیی ژمارەی کریستییانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، خالید ئەلبێرت ئاماژەی بەوەکرد، بەگوێرەی ئەو داتایانەی لایانە، نزیکەی نیو ملیۆن کریستیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەن، کە زۆریان ئێستا دانیشتووی سنووری هەولێر و دەشتی نەینەوان.

سەرەڕای ئەوەی چەند ساڵێک بەسەر دەرکردنی داعش لە ناوچەکانیان تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا ئاوارەن و نەگەڕاونەتەوە، رێکخراوەکان و خودی کریسیتانەکانیش دەڵێن هۆکاری سەرەکی نەبوونی خزمەتگوزاری و ئارامییە لەو ناوچانە.

رۆژی سێشەممە 11ـی نیسانی 2023، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان 24ی راگەیاند، ئاواره‌ ئێزدی و کریستیانەکان، هەرێمی کوردستان بە شوێنی ئارام و وڵاتی خۆیان ده‌زانن، بۆیە پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە.

میرانی جەختیشیکردەوە، گەڕانەوەی ئاواره‌كان بۆ شوێنەکانیان، بەندە بە جێبەجێکردنی رێککەوتننامه‌ی شنگال و گەڕانەوەی متمانە بۆ ئاواره‌كان.

Fly Erbil Advertisment