سەرۆکی دادگای باڵای ئۆکرانیا بەتۆمەتی بەرتیل وەرگرتن دەستگیرکرا
K24 - هەولێر
سەرۆکی دادگای باڵای ئۆکرانیا بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل لە بازرگانێک دەستگیرکرا، ئەمەش بە هەنگاوێکی گرنگ لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە قەڵەم دەدرێت.
رۆژی سێشەممە 17ی ئایاری 2023، ئۆلێکسەندەر ئۆمێلچێنکۆ، داواکاری گشتی ئۆکرانیا کە پسپۆڕە لە دۆسیەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی رایگەیاند، سەرۆکی دادگای باڵا، لە دۆسیەیەکی بەرتیلدا دەستبەسەر کراوە، هەروەها رێوشوێن بەرامبەر ئەو کەسانەش دەگیرێتەبەر کە تێوەگلاون لە دۆسیەکە.
ئۆمێلچێنکۆ، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ناوی دادوەرەکەی نەخستەڕوو بەڵام دادوەری سەرۆکایەتی دادگای باڵا ناوی "ڤسیڤۆلۆد نیازێڤ" بووە.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، ڤسێڤۆلۆد نیازێڤ، بڕی 2.7 ملیۆن دۆلار وەک پاداشت لە خاوەنی گرووپی دارایی و قەرز وەرگرتووە.
بەگوێرەی رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز، ئەم دۆسیەیە گەورەترین دۆسیەیە لە زنجیرە لێکۆڵینەوەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ئەمەش مەرجێکە لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواییەوە بۆ بەردەوامبوون لە پاڵپشتیکردنی کیێڤ لە رووی دارایی و سەربازییەوە.
دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا لە پلاتفۆرمی تێلێگرام وێنەیەکی کۆمەڵێک دۆلاریان بڵاوکردەوە، کە لەسەر قەنەفەیەک ریزکراون، ئاشکرایانکردووە، دەستبەسەرداگرتنی ئەو پارانە دوای لێکۆڵینەوەکان بووە کە لەلایەن فەرمانگەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و فەرمانگەی داواکاری گشتی تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئەنجامدراوە.