ئاژەڵدارێک: خووری مەڕی کوردی زۆرباشە بەس کەس لێمان ناکڕێت

K24- قەڵادزێ

لەکاتی هاتنی وەرزی گەرمادا ئاژەڵدارەکانی هەرێمی کوردستان خووری مەڕەکان دەبڕنەوە، ئەو مەڕانەی خووریەکانیان دەبڕنەوە قەڵەوتر دەبن و کەمتر تووشی نەخۆشی دەبن، هەروەها بەرگەی گەرماش دەگرن.

سەردار حوسێن، ئاژەڵدارە لە سنووری قەڵادزێ لەکاتی بڕینەوەی مەڕەکانی بە کوردستان24 گوت: مەڕ بڕینەوە بە ساڵە دوای بارانبارین کە گەرما هات مەڕەکان دەبڕینەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، پار ساڵ زووتر خووری مەڕەکانمان بڕیەوە، بەڵام ئەمساڵ ساڵەکەی ساردتر بوو، بۆیە بڕینەوەکەمان دواخست، چونکە تا گەرما نەیەت نابێت بیان بڕینەوە".

سەبارەت بە فرؤشتنی خووری مەڕەکان، ئاژەڵدارێک بەناوی عومەر ئەحمەد گوتی: "ساڵان کە خووری هەناردەی ئێران دەکرا، جووتی خووری بە 80 دینار یان بە 100 دینار بوو، بەڵام مەڕی کوردی هەم لە رووی قەبارەوە هەم لەرووی خوورییەوە، لە خووری ئێرانی و عەرەبیش باشترە، کوالێتی بەرزە بەس ئەگەر لێمان نەکڕن چی بکەین".

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی سێ ملیۆن سەر مەڕ هەیە کە زۆرینەیان مەڕی کوردین و خووریەکەی جۆرێکی زۆر باشە، بەڵام کەس نایکڕێت بۆیە ئاژەڵداران بە ناچاری فڕێی دەدەن.

Fly Erbil Advertisment