رۆڵی عێراق و گەڕانەوەی سووریا تەوەری گوتارەکانی کۆمکاری عەرەبی بوو

بەشێک لە سەرکردەکانی عەرەب لە لووتکەی جەددە
بەشێک لە سەرکردەکانی عەرەب لە لووتکەی جەددە

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ (هەینی ١٩ـی ئایار 2023) سی و دووەمین كۆبوونه‌وه‌ی كۆمكاری عه‌ره‌بی له‌ شاری جه‌ددەی سعوودیە به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆك، پادشا، وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ و كه‌سایه‌تی سیاسی و میدیایی عه‌ره‌بی ده‌ستیپێكرد.

ئه‌مساڵ وڵاتانی كۆمكاری عه‌ره‌بی میواندارییه‌تی ڤۆڵۆدیمێر زێلینسكی سه‌رۆكی ئۆكرانیای كردووه‌، هاوکات بۆ یه‌كه‌م جاریشه‌ دوای 11 ساڵ، به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆكی سووریا بانگهێشتی كۆبوونه‌وه‌كه‌ كراوه‌.

سەرۆکی وڵاتانی عەرەبی لە لووتکەکەدا گوتەیان پێشکەش کرد، کە بەشێکی زۆری ناوەڕۆکی گوتەکەیان تایبەت بووم بە پرس و کێشە ناوخۆییەکانی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە.

شا سەلمان: رێگەنادەین ناوچەی عەرەبی بکرێتە گۆڕەپانی ململانێ و ناکۆکییەکان

جێنشینی سعوودیە لەمیانی گوتەی کردنەوەی خولی سی و دووەمینی کۆبوونەوەی لووتکەی وڵاتانی عەرەبی رایگەیاند، رەتیدەکەنەوە ناوچەکە بکرێتە گۆڕەپانی ململانێ و ناکۆکییەکان.

شا سەلمان بن محەممەد، جێنشینی سعوودیە لە گوتەکەیدا پێشوازی لە گەڕانەوەی سووریا کرد بۆ ناو کۆمکاری عەرەبی و بەشداریکردنی بەشار ئەسەد، سەرۆکی ئەو وڵاتە لە لووتکەی سی و دووەمینی وڵاتانی عەرەبی.

جێنشینی سعوودیە لە بەشێکی دیکەی گوتەکەیدا، رایگەیاند، رێگەنادەین ناوچەی عەرەبی بکرێتە گۆڕەپانی ململانێ و ناکۆکییەکان و یەکلاییکردنەوەی ئامانج و بەرژەوەندییەکان.

ئەحمەد ئەبولغێت:  ناوچەی عەرەبی بەدەست دەستتێوەردانی هەرێمییەوە دەناڵێنێت

ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی دووپاتیکردەوە، ناوچەی عەرەبی بەدەست دەستتێوەردانی هەرێمییەوە لە کاروبارە ناوخۆییەکان دەناڵێنێت.

ئەحمەد ئەبولغێت، ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی لەمیانی پێشکەشکردنی گوتارێک لە سی و دووەمین لووتکەی وڵاتانی عەرەبی لە شاری جەددەی سعوودیە رایگەیاند، رەفتاری بێباکانەی داگیرکەران، بووەتە هۆی زیادبوونی توندوتیژی.

ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، ویڕای پێشوازیکردنی لە رێککەوتنی نێوان سعوودیە و ئێران، هاوکات جەختیکردەوە، کە ناوچەی عەرەبی بەدەست دەستتێوەردانە هەرێمییەکانەوە دەناڵێنێت.

بەشێکی رەشنووسی راگەیەندراوی کۆتایی لووتکەی عەرەبی، پشتگیریکردنی عێراقی لەخۆگرتووە، هەرەها سەرکۆنەی پێشێلکارییە سەربازییەکانی تورکیای کردووە لەناو خاکی عێراقدا.

سەرۆکوەزیرانی جەزائیر: وزە و تواناکانی وڵاتانی عەرەبی کۆبکرێتەوە

سەرۆکوەزیرانی جەزائیر لەمیانی پێشکەشکردنی گوتەیەک لە خولی سی و دووەمینی کۆبوونەوەی لووتکەی وڵاتانی عەرەبی پێشوازی لە گەڕانەوەی سووریا کرد بۆ ناو کار و چالاکییەکانی وڵاتانی عەرەبی.

ئەیمەن عەبدولرەحمان، سەرۆکوەزیرانی جەزائیر، لە بەشێکی دیکەی گوتەکەیدا، داوای کرد، وزە و تواناکانی وڵاتانی عەرەبی کۆبکرێتەوە، بە ئامانجی یارمەتیدانی ئەو وڵاتانەی پێویسییان بە هەموو جۆرە هاوکارییەکە بۆ تێپەڕاندنی بارودۆخی نالەبارییان.

شا عەبدوڵڵای دووەم: پێویستە پشتگیری لە هەنگاوەکانی عێراق بکرێت

شای ئوردن لە گوتەیەکدا لە خولی سی و دووەمینی کۆبوونەوەی لووتکەی وڵاتانی عەرەبی بە پێویستی زانی پشتگیری لە هەنگاوەکانی عێراق بکرێت بۆ دووبارە گەڕانەوەی رۆڵی ئەو وڵاتە لە ناوچەکەدا.

شا عەبدوڵڵای دووەمی شای ئوردن لە بەشێکی دیکەی گوتەکەیدا رایگەیاند، هەر هەنگاو و دەستێشخەرییەک لە لایەن عێراق و وڵاتانی عەرەبی لەپێناو ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، شیاوی پشتگیریکردن و پێشوازی لێکردنە.

عەبدولفەتاح سیسی: پارێزگاری لە چەمکی بەرگری هاوبەشی عەرەبی بکرێت

لە بەردەوامی بەڕێوەچوونی کارەکانی خولی سی و دووەمینی  لووتکەی وڵاتانی عەرەبی، سەرۆکی میسر داوای کرد، پارێزگاری لە چەمکی "بەرگری هاوبەشی عەرەبی" بکرێت.

عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر لەمیانی پێشکەشکردنی گوتەکەیدا لە خولی سی و دووەمینی  لووتکەی وڵاتانی عەرەبی، رایگەیاند، ناوچەکە بە بارۆدۆخێکی سەخت تێپەڕی، بە پێویستیشی زانی چەمکی "بەرگری هاوبەشی عەرەبی" پارێزگاری لێ بکرێت. هەروەها بە پێویستی زانی وڵاتانی عەرەبی پشت بە تواناکانی خۆاین ببەستن بۆ چارەسەرکردن و یەکلاییکردنەوەی پرسە گرینگەکان.

سەرۆکی میسر هەروەها لە بەشێکی دیکەی گوتەکەیدا گوتی "نابێت هیوا و ئومێدی گەلی عەرەبی بکرێتە بارمتەی دەستتێوەردانە دەرەکییەکان".

مەحموود عەباس: هەوڵەکانمان بەردەوام دەبن لەپێناو بەدەستهێنانی ئەندامیەتی تەواو لە نەتەوە یەکگرتووەکان

لەلای خۆیەوە سەرۆکی فەڵەستین لە گوتەکەیدا لە خولی سی و دووەمینی  لووتکەی وڵاتانی عەرەبی داوای لە کۆمەڵگەی نێودوڵەتی کرد، لێپێچینەوە لەگەڵ ئیسرائیل بکات لە بەرامبەر ئەو تاوانانەی بەارامبەر بە مافی فەڵەستینییەکان ئەنجامی دەدات. هەروەها بە پێویستی زانی هەموو وڵاتانی عەرەبی پشتیوانی لە فەڵەستین بکەن بۆ ئەوەی فشار بخەنە سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، تاوەکو سەرکۆنەی ئیسرائیل بکات.

مەحموود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین لە بەشێکی دیکەی گوتەکەیدا، رایگەیاند، لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن لەپێناو بەدەستهێنانی ئەندامیەتی تەواو لە نەتەوە یەکگرتووەکان.

Fly Erbil Advertisment