لاهوور شێخ جەنگی: لە ئێستادا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستیمان بە هەڵبژاردنێکی شەفاف هەیە

لاهوور شێخ جەنگی
لاهوور شێخ جەنگی

K24 - هەولێر

لاهوور شێخ جەنگی رایدەگەیەنێت، لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانن و پێویستە هەڵبژاردنێکی شەفاف لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت. 

ئەمڕۆ هەینی 19ـی ئایاری 2023، لاهوور شێخ جەنگی لە رێوڕەسمی شەش ساڵەی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، رێکخەریی پێشووی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، "لە ئێستادا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستیمان بە هەڵبژاردنێکی شەفاف هەیە".

لاهوور شێخ جەنگی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە بەبێ جیاوازی رەنگ و بیروبۆچوون خزمەتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکرێت و دەڵێت ئەگەر توانیمان ئەم چەندە بکەین، شتێکی  زۆر باش دەبێت.

رۆژی سێشەممە (16ـی ئایاری 2023)، کونسوڵخانە گشتییەکان و نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەکانی بەریتانیا، ئەمەریکا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، کەنەدا، یەكێتی ئەوروپا، فەرەنسا، چیک، یۆنان، ئیتاڵیا، بولگاریا، پۆڵەندا و رۆمانیا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا، داوایان لە پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد هەموو هەنگاوێکی پێویست بگرنەبەر لەپێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەبێ دواخستن.

هاوکات رۆژی (پێنجشه‌ممه‌ 18ـی ئایاری 2023) جنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق له‌ میانی پێشكه‌شكردنی راپۆرتێك له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی لەبارەی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رۆژی 18ـی تشرینی دووەمی 2023ـی دیاریكردووه‌ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان، بۆیه‌ هه‌ر چۆنێك بێ نابێت هه‌ڵبژاردن له‌وه‌ زیاتر دوابكه‌وێت و ده‌بێت هه‌مووان به‌و واده‌یه‌ پابه‌ند بن.

رۆژی (26ـی ئاداری 2023)، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەموارکراو کە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە بە فەرمانێک رۆژی (18ـی تشرینی دووەمی 2023) بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە".

بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنیش، پەرلەمانی کوردستان، رۆژی 5ـی نیسانی 2023 تا رۆژی 12ـی نیسانی 2023، دەرگای خۆکاندیکردن بۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کردەوە و رۆژی (10ـی نیسانی 2023)، هاوار محەممەد، گوتەبێژی بەشی هەڵبژاردنەکانی پارتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوو پۆست لە ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بە بەتاڵی ماونەتەوە و پارتی لە پشکی خۆی بەهجەت ئاڤدەل لە جێگەی جوتیار عادل بۆ ئەنجوومەنەکە کاندید کردووە.

پێشتر رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاندووە، بەپێی رێککەوتنی لایەنەکان رۆژی دەنگدان بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن لە یەک کات دەبێت.

 

Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل