بایدن: ئەوەی گەلی ئۆکرانیا دەیکات بۆ هەموو جیهان گرنگە
K24 - هەولێر
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پاکێجێکی نوێی هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکرانیا راگەیاند و، ئاماژە بەوە دەدات، ئەوەی گەلی ئەو وڵاتە دەیکات بۆ هەموو جیهان گرنگە.
جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە پەراوێزی لووتکەی گرووپی حەوت "G7" لەگەڵ ڤۆلودیمێر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کۆبووەوە و تاوتوێی جەنگی رووسیا – ئۆکرانیا و هاوکارییە سەربازییەکانی واشنتنیان بۆ کیێڤ کرد.
بایدن پاکێجێکی نوێی هاوکارییە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ ئۆکرانیا راگەیاند "بۆ ئەوەی باشتر بەرگری لە خۆیان بکەن." هاوکات بایدن ئاماژەی بەوەشدا، "ئەوەی ئۆکرانیا ئەنجامیدەدات بۆ تەواوی جیهان گرنگە."
هەر لەبارەی سەپاندنی سزای نوێ بەسەر رووسیا و پاکێجی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا، سەرۆکی ئەمەریکا گوتی: "ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لەوەی بە هەموو شێوەیەک هاکاری ئۆکرانیا بکات بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆیان بکەن، لە لووتکەی گرووپی حەوتیش بە سەدان سزای نوێمان بەسەر رووسیادا سەپاند، پاکێجێکی نوێی هاوکاری سەربازی ئەمەریکاش بۆ ئۆکرانیا رادەگەیێنم، پێکهاتووە لە زریپۆش و تۆپهاویژ و چەندین کەرەستەی دیکەی سەربازی. ئەوەی ئێوە و خەڵکی ئۆکرانیا دەیکەن و کردوویانە، بۆ تەواوی جیهان گرنگە."
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی هەینی 19ـی ئایاری 2023، گرووپی حەوت لە راگەیاندراوێکی هاوبەشدا ئاشکرایکرد، ئەندامانی گرووپەلە رێککەوتوون لەسەر ئەوەی سزاکانی سەر رووسیا فراوانتر بکەن و سزای نوێی ئابووری بەسەر مۆسکۆ بسەپێنن. هەروەها هەناردەی هەموو ئەو خزمەتگوزاری و کەرەستە و تەکنەلۆژیایانەی وڵاتانی گرووپی حەوت بۆ رووسیا قەدەغە بکەن، کە دەبنە پاڵپشتییەک بۆ جەنگ و پارەدارکردنی سوپاکەی.
ئاماژەی بەوەشدا، هەوڵەکانیان بۆ رێگریکردن لە خۆدزینەوەی مۆسکۆ لە سزاکانیان چڕتر دەکەنەوە و هەموو ئەو کۆمپانیایانەش سزا دەدەن، کە یارمەتی رووسیا دەدەن لە جەنگدا.
له 24ـی شوباتی 2022، به فهرمانی ڤلادیمێر پوتنی سهرۆكی رووسیا هێرشكرایه سهر خاكی ئۆكرانیا و بههۆیهوه ههزاران كهس له سهربازان و هاووڵاتییان كوژراون و ملیۆنهها ئۆكرانیش ئاوارهی وڵاتانی ئهوروپی بوون و تا ئێستاش ئهو جهنگه بهردهوامه.