لایەنە شەڕکەرەکانی سوودان هەواڵی چەواشەکار لە دژی یەکتر بڵاودەکەنەوە
K24 - هەولێر
دوای شەش هەفتە لە شەڕی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە سوودان، لە ئێستادا ئەو دوو لایەنە کاری زۆریان لەسەر پڕوپاگەندە و دروستکردنی هەواڵ و رووداوەکان کردووە، بۆ ئەوەی کاریگەرییان لەسەر بیروڕای گشتی و چەکدارەکان هەبێت.
بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە بە سەرکەوتنی لایەنێک بەسەر ئەویترەوە لە سوودان دەستیپێکرد، کە زۆربەیان ڤیدیۆی دروستکراوبوون، تاگەیشتە ئەوەی وێنەی فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا"محەمەد حەمدان دەگڵۆ" بە مردوویی بڵاوکرایەوە و کە مۆمیاکراوە، ئەمەش وەک نیشانەی ئامادەکاری بۆ مردنەکەی.
لەلایەکی دیکەوە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە، کە عەبدولفەتاح ئەلبورهان، فەرماندەی سوپا، بەزۆر دەستبەسەرکراوە، لەلایەن ئیسلامییەکانی ناو سوپا، دواتر ماڵپەڕەکان باسیان لەوە کردووە کە وێنەکە هی ئەو پیاوە نییە، بەڵکو هاوشێوەی خۆیەتی، کە بەکارهێنراوە.
تیمی جوهاینا کە گرووپێکی تایبەتمەندە لە پشتڕاستکردنەوە و وردبینیکردنی هەواڵ و زانیاری و وێنەکان، بۆ ماوەی یەک رۆژ راپۆرتێکیان لەسەر هەواڵی ناڕاست و دەنگۆ و چەواشەکردن بڵاوکردەوە، زیاتر لە هەشت هەواڵی ناڕاست بڵاو کراوبوویەوە، کە کاریگەری زۆری لەسەر ڕای گشتی سوودانی هەبووە.
هەروەها سۆشیال میدیا هەواڵی دەستگیرکردنی ئەمینداری گشتی چەکداری بزووتنەوەی ئیسلامی، عەلی ئەحمەد کارتی، لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا بڵاوکردەوە، بەڵام کارتی لە سۆشیال میدیا هەواڵی دەستگیرکردنەکەی رەتکردەوە.
هەروەها لە سۆشیال میدیا بڵاویانکردەوە، کە جبریل ئیبراهیم وەزیری دارایی سوودان، دەستنیشان کراوە وەک سەرۆک وەزیران و لەوەزارەتی دارایی دوورخراوەتەوە، بەڵام دواتر دەرکەوت کە هەواڵێکی چەواشەکارە و راست دەرنەچوو.
لە 15ی نیسانەوە شەڕ لەنێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە سوودان دەستی پێکردووە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار کەس کوژراوە و بەهەزارانیش برینداربوونە.