مامەڵەی پاسپۆرت لە سلێمانی بە ئەلیکترۆنی دەکرێت
K24 - سلێمانی:
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی رایگەیاند، تیمێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ بە ئەلیکترۆنی کردنی پاسپۆرت لە سلێمانین و چاوەڕێدەکرێت لە ماوەی نزیکەی سێ هەفتەدا کاروبارەکانیان تەوابێت و سیستمی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی بخەنەکار.
ئەمڕۆ یەکشەممە (21ــی ئایاری 2023)، عەمید سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پاسەپۆرتی سلێمانی، بە کوردستان24ــی راگەیاند، پاسپۆڕتی ئەلیکترۆنی بەراورد بە پاسپۆرتەکەی پێشوو رۆتینی کەمترە و تەنها لە رێگەی ناسنامەیک هاووڵاتیان دەبنە خاوەنی پاسەپۆرتە ئەلیکترۆنییەکە، واتا پێویستی بە کردنەوەی فایل و پڕکردنەوەی فۆڕم ناکات.
هەروەها راشیگەیاند، نرخی پاسپۆرتە نوێیەکە 91 هەزار دینارە و هاوڵاتییان دوای پێشکەشکردنی ناسنامەکەیان بە کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆڕت لە ماوەی کاتژمێرێکدا دەبنە خاوەنی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی.
بەڕێوەبەری پاسەپۆرتی سلێمانی، ئاماژەی بەوەدا، پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی رۆتین کەمدەکاتەوە، کاتێکی زۆر بۆ هاووڵاتییان دەگەڕێنێتەوە، هەروەها لە پاسپۆرتی ئەلێکترۆنی هەموو رۆتینەکانی دەرهێنانی پاسپۆڕتی پێشوو جێبەجێناکرێت.
عەمید سالار عەبدوڵڵا، روونیکردەوە، پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی رۆتین و لێپێچینەوە لە فرۆکانەخانەکانیش کەم دەکاتەوە، هەروەها پێویستی بە لێدانی مۆری چوون و هاتن نییە لەسەر پاسپۆرتەکە، "تەنها دەچیتە ناو کابینەیەکی ئەلیکترۆنی و بە خێرایی پاسپۆرتەکەت وەردەگریتەوە، دەرگای چوونەژوورەوەت بۆ دەکرێتەوە بێ پرسیار و لێپێچینەوە".
سەبارەت بە پاسەپۆرتە ئاساییەکە، عەمید سالار عەبدوڵڵا، گوتی: "پاسپۆرتی پێشوو واتا ئاساییەکە تاکو کاتی بەسەرچوونی کاری پێدەکرێت و پێویست بە گۆڕینی ناکات، ئەگەر هاووڵاتییان خواستیان لەسەربوو بیگۆڕن بۆ ئەلیکترۆنیەکە پێش بەسەرچوونی پاسەپۆرتی پێشوویان، دەتوانن بیگۆڕن و کێشەیان نابێت".