هێزەکانی عێراق و دانیشتوانی کەمپی مەخموور رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە

K24 - مەخموور

چەند رۆژێکە سوپا و پۆلیسی عێراق، لەگەڵ دانیشتوانی کەمپی مەخموور بەرامبەر یەکتر وەستاون بەرپرسانی کەمپەکە لە رێگەی ئافرەتان و منداڵانەوە، رێگری دەکەن لە دانانی  خاڵی سەربازی لە دەوروبەری کەمپەکە.

قایمقامی قەزای مەخمووریش بە کوردستان24ی راگەیاند، بە بڕیاری  حکومەتی عێراق لە چوار دەوری   کەمپی مەخموور چەند خاڵێکی سەربازی دادەنرێت  ئەمەش لەپێناو پاراستنی دانیشتوانی کەمپەکەیە.

هێزە ئەمنییەکانی عێراق، دەیانەوێت بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق جێبەجێ بکەن، کە دانانی خاڵی سەربازییە لە دەوروبەری کەمپەکە، بەڵام دانیشتوانی کەمپەکە رەتیدەکەنەوە و بەرامبەر هێزە ئەمنییەکان وەستاونەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی پشێوی لەنێوانیاندا کە چەند رۆژێکە ئەو دۆخە لە کەمپەکە بەردەوامە.

بەرپرسانی کەمپەکە بەشێک لە ژن و منداڵیان بەرامبەر هێزە ئەمنییەکان داناوە، وەک رێگریەک بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە، بە دارو بەرد رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان دەبنەوە.

رزگار محەمەد، قایمقامی مەخموور بە کوردستان24ی راگەیاند: "بەگوێرەی رێنماییەکان دەبێ کەمپ دەروازەی چوونە ژوورەوە و هاتنە دەرەوەی هەبێت، هەروەها دەبێ لەژێر چاودێری و سەرپەرشتی وەزارەتی ناوخۆ بێت، کێشەکە لەسەر ئەوە سەریهەڵەداوە کە بەشێک لە دانیشتوانی کەمپە رازین نین بنکە سەربازییەکان لە دەوروبەری کەمپ دابنرێن".

ئەم دۆخەی کەمپی مەخموور، ترسی لای دانیشتوانی قەزاکە دروستکردووە، جووتیارانیش ترسیان لەوە هەیە لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەکان دەغڵ و دانیان بسوتێ.

دیار هۆشیار، هاووڵاتییەکی دانیشتووی مەخموورە بە کوردستان24ی گوت: "چەند رۆژێکە ئەو دۆخەی کەمپ بازاڕی مەخمووری وەستاندووە، هێزەکانی عێراق بە چەکەوە لە دەروبەری کەمپەکەن، ئەگەر دۆخەکە بەردەوام بێت رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی دروست دەبێت".

کەمپی مەخموور کە لەلایەن پەکەکە بە کەمپی "پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی" دەناسێنرێت، نزیکەی 20 هەزار کەس لێی نیشتەجێن کە لایەنگر و کەسوکاری گەریلاکانی پەکەکەن. پێشتر چەندین جار ئەو کەمپە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردومان کراوە و زیانی گیانی و ماڵی لێکەوتووەتەوە.