کۆمەڵێک لە لایەنگرانی سەدر بەیعەتیان وەک "محەممەدی مەهدی" بەسەرۆکی رەوتەکە دا

K24 - هەولێر

موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر، لە تۆمارێکی دەنگیدا خۆی لەو کەسانە بەری کرد، کە تیادا کۆمەڵێک کەس بە گرتەیەکی ڤیدیۆیی رایانگەیاند، بەیعەتیان پێداوە وەک "محەممەدی مەهدی".

موقتەدا سەدر، پێش ئەوەی ناچار بکرێت لە گرتە ڤیدیۆییەکدا دەربکەوێت، وەک خۆی دەڵێت: راگرتنی رەوتی سەدری بۆ ماوەی ساڵێک راگەیاند.

لە کاتێکدا داوای لە دڵسۆزانی خۆی و رەوتەکەی کرد بەڵگەنامەیەک واژۆ بکەن کە (بەیعەتیان بە خوێن) داوە، کە بەم دواییە بەسەرچوو بوو، هەروەها داخستنی مەزارگەی باوکی بەرووی لایەنگرانی خۆیدا بۆ ماوەی پێنج رۆژ راگەیاند، بۆ ئەوەی نەچن سەردانی بکەن.

لە کاتێکدا سەدر لە تۆمارێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم کەسانەی پەیوەندییان بە نەیارانی سیاسییەوە هەیە، کە ناوی ناوە "میلیشیا بێئەدەبەکان"، جارجارە ناکۆکی نێوان سەدر و نەیارەکانی قووڵتر دەکاتەوە ئەمەش بە هۆکاری سیاسییە کە داوای پێکهێنانی حکومەتێکی زۆرینەی نیشتمانی دەکات.

دوو رۆژ لەمەوبەر کۆمەڵێک کەس لە تۆمارێکی ڤیدیۆیی نوێدا دەرکەوتن و داوای بەیعەتدانیان بە رێبەری رەوتی سەدر، "موقتەدا سەدر" وەک ئیمامی مەهدی چاوەڕوانکراو کرد.

لە کورتە ڤیدیۆکەدا سێ پیاوی دەمامکدار دەرکەوتن و ئاڵایەکیان بەدەستەوە بوو کە لەسەری نووسرابوو "بەیعەت دەدەین بە ئیمامی چاکسازیخوازی بەڵێندراو، موقتەدا، مەهدی گەلان، سەلامی خوای لەسەر بێت".

یەکێک لەو سێ کەسە راگەیەندراوێکی خوێندەوە و دەڵێت: دوو هەنگاو بۆ پشتیوانی لە چاکسازیخوازی دڵسۆز دەکەین، هەنگاوی یەکەم، دەبێت دەستێک بین و لەپشت ماڵی چاکسازیخوازی دڵسۆز "موقتەدا سەدر" بوەستین و بەیعەتی پێدەدەین، گوتیشی: ئێمە هاتووین بۆ لای تۆ بەیعەتت پێبدەین بە گیان و جەستە و پارە و گەلەکەمان و هەموو شتێک، داوات لێدەکەین گۆشەگیرییەکەت بشکێنیت و بگەڕێیتەوە بۆ لای ئێمە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتەکەت.

ئاماژەی بەوەشکرد، "سەبارەت بە هەنگاوی دووەم، دوای بەیعەتدان بە چاکسازیخوازە متمانەپێکراوەکە، دەچینە پایتەختی گەندەڵی و گەندەڵکاران لە بەغدا.

میدیای دادوەری لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ بڕیاریدا 65 ئەندامی تۆمەتبار لەو باندە بەناوی" خاوەن کەیسەکان" دەستگیر بکات، کە پەرە بەو بیرۆکانە دەدەن ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەشێوێنن.