سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: هەنگاوێکی پەیرەوی و یاساییمان نا

کۆنگرەی رۆژنامەوانی زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان
کۆنگرەی رۆژنامەوانی زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان

K24 - هەولێر

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ئاماژە بەوە دەدات، هەنگاوێکی پەیرەوی و یاساییان ناوە  و ئەو بڕگەیە بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە و ئەنجوومەنەکە کارا کراوەتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 22ـی ئایاری 2023، زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە تەلاری پەرلەمان رایگەیاند،  رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەبێ ئەوەی بگەڕێتەوە بڕگەکانی ماددەی 48 و راوێژ بکات بە دەستەی سەرۆکایەتی بۆ دواخستنی برگەی بەرنامەی کار، بڕگەی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی دواخستووە.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی روونیشیکردەوە، لە بڕگەکانی ماددەی 48دا هاتووە، "دواخستنی هەر بڕگەیەکی بەرنامەی کار لە دەسەڵاتی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانە، نەک تەنها سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان"، بۆیە بە پشتەبەستن بەم بڕگەیە، هێمن هەوارامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان داوایکردووە بە بەردەوامبوونی دانیشتنەکە و دەنگدان لەسەر بڕگەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن. ئاماژەی بەوەشکرد، "بە کۆی دەنگی ئەو ئەندام پەرلەمانانەی کە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنبووون و لەگەڵ ئەوەدا نەبوون بۆشایی یاسایی لە هەرێمی کوردستان دروست ببێت، بڕیاردارا دانیشتنەکە بەردەوام بێت و دەنگ لەسەر بڕگەی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی دا."

لەبارەی بەکار‌‌هێنانی زۆرینەی پەرلەمان، کە بە دەست فراکسیۆنی پارتییە و 45 کورسی هەیە، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتی: ئێمە زۆرینەی پەرلەمانی لەپێناوی ئارامیدا بەکاردەهێنین و کاتێک کە هەوڵ بدرێت بۆشایی لە هەرێمی کوردستان دروستبکرێت و ئێمە رێگڕ بین، بۆیە ئەم بڕیارە کوردستانییەمان دا بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان نەکەوێتە بۆشایی یاساییەوە.

زانا مەلا خالید دەنگدان لەسەر بڕگەی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بە "هەنگاوێکی تەواو پەیرەوی و یاسایی بوو" ناودەبات و دەڵێت: "بەپێێ بڕگەی دووەم لە ماددەی 48، ئەم بابەتە خرایە دەنگدان و دەنگی پێویستی بەەدەست هێنا و بەگوێرەی بڕگەی یەکەمی هەمان ماددە جێگری سەرۆکی پەرلەمان بڕگەی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی سەر بە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و راپرسی هەرێمی کوردستانی خستە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان دەنگی پێویستی بەدەستهێنا."

زانا مەلا خالید بە ئاماژەدان بەوەی، "پشێوی دروستکردن و هێنانەوەی ئاژەوە لە نێو هۆڵی پەرلەمانی کوردستاندا لە دەرەوەی هەموو پرەنسیبێکی کارێکی پەرلەمان و بەیەکەوەییە"، دووپاتیشیکردەوە، خواستی پارتی و فراکسیۆنەکەی نەبوو ئەو گرژی و ئاڵۆزییانە لەنێو هۆڵی پەرلەماندا دروست ببن.

 

 

لای خۆیەوە پێشەوا هەورامی، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی سەر کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بە دەنگی 58 ئەندام پەرلەمان کارا کراوەتەوە و  "ئەم هەنگاوەی ئەمڕۆ  کۆتایی بەو مشتومڕانە هێنا کێ لەگەڵ ئەنجامدان و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنە".

لەبارەی گرژییەکانی نێو پەرلەمانی کوردستانیشدا لەنێوان ئەندام پەرلەمانەکانی پارتی و یەکێتی؛ ئاماژەی بەوەکرد، وەکو کارێکی ئاسایی پەرلەمانیی لێی دەروانن و "گرژی و ئاڵۆزی لە کاری پەرلەمانیدا حاڵەتێکی ئاساییە."

بەگوتەی پێشەوا هەورامی. وەکو پارتی لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراوی خویدا ئەنجام بدرێت و دوا نەخرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لەماوەی رابردوودا بژاردەیەکی "ناچاری بوو، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان نەکەوێتە بۆشایی یاساییەوە". 

دوێنێ یەکشەممە زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە یاداشتێکیدا 'کە واژووی 44 پەرلەمانتاری پارتی لەسەرە' داوایان لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کردووە؛ دوو برگە لە بەرنامەی کاری دانیشتنی ئەمڕۆی دووشەممە 22ـی ئایاری 2023، زیاد بکات؛ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەموو ئەو پێشیازەیاسایانەی کە لە ماوەی رابردوودا لەبارەی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کراون.

هەر دوێنێ یەکشەممە؛ هەردوو مەکتەب سیاسی پارتی و یەکێتی لە پیرمام کۆبوونەوە. دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە؛ هەردوولا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوەکرد، ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا، پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی و ژمارەیەک پرسی دیکەی پەیوەست بە بارودۆخی هەرێمی کوردستان، تەوەری گفتوگۆکان بوون و "لێکتێگەیشتنی ئەرێنی بۆ زۆر لە پرسەکان هەبوو". ئاماژە بەوش دراوە، "هەندێک بابەتی دیکە کە پێویستییان بە گفتوگۆی زیاتر هەبوو، لە کۆبوونەوەکانی ئاییندەدا بڕیاری پێویستیان لەسەر دەدرێت".

رۆژی 26ـی ئاداری 2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەموارکراو کە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە بە فەرمانێک رۆژی (18ـی تشرینی دووەمی 2023) بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە".