"من جەنگاوەرم" لە گەلەریی میدیا نمایش دەکرێت
K24 - هەولێر
دوای چەندین پێشانگا لە ناوخۆی کوردستان و دەرەوە، هونەرمەندی شێوەکار (ساکار سلێمان) لەژێر درووشمی (من جەنگاوەرم) نمایشێکی تایبەتی لە گەلەریی میدیا کردەوە.
نمایشەکە بریتی بوو لە نیشاندانی چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی و پەیکەرتاشی و تابلۆی رەش و سپی، کە بە قەبارەی گەورە و بچووک و مامناوەند وێناکرابوون، گوزارشتیان لە ئازادییەکانی ئافرەت و هەڵبژاردنی ژیان دەکرد، بەپێی ویست و حەزەکانی ئافرەت، نەک بڕیاردانی کۆمەڵگە لەسەر ژیان و ئازادییەکان.
سەبارەت بە نمایش و پێشانگاکەی ساکار سلێمان بە کوردستان 24ـی راگەیاند: "پڕۆژە هونەرییەکەم دەبێتە یەکەمین کاری من لە پایتەختی کوردستان و نمایشێکی ڤیدیۆیی و پەیکەرتاشی و چەند تابلۆیەکی قەبارە گەورە و مامناوەندی لاکێشەیی، کە دوو رەنگم ئاوێتەی یەکتر کردووە، لە رەش و سپی پێکهاتووە و بە واتای ئازادییەکانی ئافرەت و خولیا و خەونەکای ئافرەت دێت بەپێی بیری ئازادی خۆی، نەک چەمانەوە بۆ بڕیار و نەریتەکانی نێو کۆمەڵگە، کە تا راددەیەکی زۆر ئازادییەکانیان لە ئافرەت زەوت کردووە".
نمایشەکە بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر بەشی شێوەکاری هەولێرە، ماوەی سێ رۆژیش بەردەوام دەبێت.
