شاندی پارتی لەبارەی پرسی هەڵبژاردن لەگەڵ پارتی چاکسازی تورکمانی کۆبووەوە
"دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانیش یاسایی و ئاسایی و پەیڕەویی بوو"
K24 - هەولێر:
شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی تاووتوێکردنی پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و بەژداری پێکهاتەکان لە هەڵبژاردن، لەگەڵ پارتی چاکسازی تورکمان کۆبوونەوە و رایانگەیاند، هەموو لایەک داکۆکی لەوە دەکەن کە پێکهاتەکان خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن.
ئەمڕۆ دووشەممە (22ــی ئایاری 2023)، جەعفەر ئێمنکی، سەرۆکی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێشنیازمان کردووە پێکهاتەکان و یونامی و برادەرانی یەکەێتی نیشتمانی کۆببنەوە و هەرچیان پێباشبوو و لەسەر چی رێککەووتن ئێمە وەک پارتی لاریمان نییە.
لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی، گوتی "کۆبوونەوەکانی رابردوومان لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی زۆر ئەرێنیبوو و هەر بە ئەرێنیش کۆتایی هات و درێژەی دەبێت". سەبارەت بە گرژییەکانی ئەمڕۆی پەرلەمان رایگەیاند، ئەو کێشانەی کە ئەمڕۆ لە پەرلەمان روویاندا کێشەی بچووکبوون و ئەمە لە پەرلەمانی هەموو وڵاتێک روودەدات، هەروەها ئەم گرژیەی ئەمڕۆ نابێتە کۆسپ لەبەردەمی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی.
هەروەها گوتیشی، بابەتی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن پرسێک نییە تایبەت بێت بە پارتی و بە یەکێتی، "بەڵکو ئەمڕۆ دەمانویست پەیامێک بۆ بەغدا بنێرین، بۆ دادگای فیدڕاڵی عێراق بنێرین، کە 25ــی مانگ دانیشتنی هەیە لەسەر پرسی هەڵبژاردن و درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان و کۆبوونەوەکەیان تایبەت دەبێت بە ئایندەی هەرێمی کوردستان".
جەعفەر ئێمنکی، روونیکردەوە، پێویستبوو ئەمڕۆ هەموو لایەکمان پەرۆشبین، بۆ ئەوەی پەیامێکی ئەرێنی بنێرین بۆ بەغدا، کە بڵێین :"هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان گرنگە ئەنجامبدرێت و دوانەکەوێت".
جەختی لەوەشکردەوە، بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن ئامادەین بەیانیش دانیشتن بکرێت، هەروەها باسی لەوەشکرد، برادەرانی یەکێتی کەی حەزبکەن بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن ئامادەین هەرچەندە ئەوەی داوای خۆیان بوو لەگەل چەند حیزبێکی دیکە.
سەرۆکی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان، دووپاتیکردەوە، ئێمە دەبێت هاوکاری هەرێمەکەی خۆمانبین، کۆمیسیۆنی خۆمان کاراتر و بەهێزتر بکەین و متمانەمان بە ئەنجامەکانی هەبێت، بۆ هەموو شتێک نەگەڕێنەوە بەغدا و کێشەکان لای خۆمانەوە چارەسەربکەین.
لەلایەن خۆیەوە مونا قەهوەچی، سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان، رایگەیاند، پشتگیری لە دەستپێشخەریەکەی سەرۆک بارزانی دەکەین و دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانیش یاسایی و ئاسایی و پەیڕەویی بوو.
مونا قەهوەچی، راشیگەیاند، هەموو لایەک داکۆکی لەوە دەکەن کە پێکهاتەکان خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن و بۆچوونی پێکهاتەکان هیچ کاتێک گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە. هەروەها راشیگەیاند، هەمیشە پێکهاتەکان جەختدەکەنەوە لەسەر سەقامگیری کوردستان و یەکریزی لایەنە سیاسییەکان.
لەبارەی بارودۆخی ئەمڕۆی پەرلەمان، سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان گوتی، بارودۆخی ئەمڕۆی پەرلەمان بەڕاستی جێگەی نیگەرانیبوو کە پاشەکشە بکرێت لە پرۆسەی دیموکراسی. هەروەها گوتیشی، حزبەکانی کوردستان خۆیان بڕیاریان دا، کە کورسی پێکهاتەکان تەرخانبکرێت بۆ تورکمان، سریان، کلدان، ئاشووری و ئەرمەن.
مونا قەهوەچی، ئاماژەی بەوەدا، داوامانکردووە بە زیادکردنی کورسی پێکهاتەکان بۆ برا ئێزدییەکان و کاکەییەکان، هەروەها باوەڕمان بە پێکەوە ژیانە بۆ بەهێزکردنی پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان، "دەبێت هەموو پێکهاتەکان نوێنەریان هەبێت لە پەرلەمانی کوردستان".
دوێنێ یەکشەممە 21ـی ئایاری 2023، هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لە پیرمام بۆ تاوتوێکردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و پرسی پێکهاتەکان کۆبوونەوە.
دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە؛ هەردوولا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا، پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی و ژمارەیەک پرسی دیکەی پەیوەست بە بارودۆخی هەرێمی کوردستان، تەوەری گفتوگۆکان بوون و "لێکتێگەیشتنی ئەرێنی بۆ زۆر لە پرسەکان هەبوو". ئاماژە بەوش دراوە، "هەندێک بابەتی دیکە کە پێویستییان بە گفتوگۆی زیاتر هەبوو، لە کۆبوونەوەکانی ئاییندەدا بڕیاری پێویستیان لەسەر دەدرێت".
ئەم کۆبوونەوەیەی نێوان پارتی و یەکێتی دوای ئەوە دێت کە 16ی ئەم مانگە شاندی هەردوولا لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی کۆبوونەوە و لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا رایگەیاند: "هەردوو لا بڕیارماندا وەک یەک تیم کار بکەین و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دیکەش ئەنجامبدرێت بۆ فەراهەمکردنی کەش و هەوای لەبار لە رووی یاسایی و سیاسییەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و رووبەڕووبونەوەی ئەو تەحەدیاتانەی لە ناوچەکەدا هەن".
دوای دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ گفتوگۆ و یەکخستنەوەی نێو ماڵی کورد، کۆبوونەوە و دانوستان لەنێوان لایەنەکان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی هاتووەتە ئاراوە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراودا ئەنجامبدرێت. لەو چوار چێوەیەشدا رۆژی هەینی رابردوو 19/5/2023، هەردوو بەشی هەڵبژاردنی پارتی و مەکتەبی هەڵبژاردنی یەكێتی لەبارەی پرسی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لە پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوە.
رۆژی پێنجشەممە (11ـی ئایاری 2023)، سەرۆک بارزانی لەمیانی گوتارێکدا لە رێورەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی پەیامێکی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و داوای لێکردن لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە و گوتی، بە دژایەتیکردنی یەکتری کەس هیچی دەستناکەوێت.
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا، داوای لە هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کرد کۆببنەو بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەکان و ئامادەکاری بکەن بۆ کۆبوونەوەی فراوانی لایەنەکان پێش 18ـی مانگ لەپێناو گەیشتن بە رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی هاوبەش.
دوای پەیامەکەی سەرۆک بارزانیش، هەریەکە لە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و زۆربەی سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پشتیوانی و ئامادەیی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی دەربڕی.
رۆژی (26ـی ئاداری 2023)، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەموارکراو کە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە بە فەرمانێک رۆژی (18ـی تشرینی دووەمی 2023) بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە".
بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنیش، پەرلەمانی کوردستان، رۆژی 5ـی نیسانی 2023 تا رۆژی 12ـی نیسانی 2023، دەرگای خۆکاندیکردن بۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کردەوە و رۆژی (10ـی نیسانی 2023)، هاوار محەممەد، گوتەبێژی بەشی هەڵبژاردنەکانی پارتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوو پۆست لە ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بە بەتاڵی ماونەتەوە و پارتی لە پشکی خۆی بەهجەت ئاڤدەل لە جێگەی جوتیار عادل بۆ ئەنجوومەنەکە کاندید کردووە.
پێشتر رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاندووە، بەپێی رێککەوتنی لایەنەکان رۆژی دەنگدان بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن لە یەک کات دەبێت.
هەروەها رۆژی (30ـی نیسانی 2023)، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یاداشتێکدا بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان داوایکرد، لە چەند رۆژی ئایندەدا متمانەدان بە ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و راپرسی هەرێمی کوردستان بخرێتە بەرنامەی دانیشتنی پەرلەمان و بەر لە (18ـی ئایاری 2023) کە دەکاتە شەش مانگ بەر لە وادەی دیاریکراوی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کۆمیسیۆنێکی کارا هەبێت و هیچ بیانوو بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نەمێنێت.