كیێڤ رهتیدهكاتهوه هێرشی کردبێتە سەر هەرێمی بێلگۆرۆد
K24 - هەولێر:
ئۆکرانیا رەتیدەکاتەوە لەرێگەی گروپێکی تێکدەرەوە هێرشی کردبێتە سەر هەرێمی بێلگۆرۆد.
میخایلۆ پۆدۆلیاک راوێژکاری سەرۆکایەتی ئۆکرانیا رایگەیاند، کیێڤ پەیوەندی بەو گروپە تێکدەرەوە نییە، کە چووەتە هەرێمی بێلگۆرۆدی رووسیا.
ئاشکراشی دەکات، وڵاتەکەی بەوردییەوە چاودێری دۆخی ناوچەکە دەکات.
پێشتر دەسەڵاتدارانی رووسیا رایانگەیاندبوو، گروپێکی تێکدەری ئۆکرانیا هاتووەتە هەرێمی بێلگۆرۆد کە هاوسنوورە لەگەڵ ئۆکرانیا، بەهۆی شەڕ و پێکدادانی نێوان سوپای رووسیا و گروپە تێکدەرەکە هەشت هاووڵاتی برینداربوونە، هەروەها بەهۆی دروستبوونی ئاڵۆزی، هاووڵاتییان ناوچە سنووریەکەیان جێهێشتووە.
دمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کریملن ئاشکرایکرد، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا لە هاتنی گروپە تێکدەرەکە بۆ ناو خاکی وڵاتەکەیان ئاگادار کراوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، ئامانجی ئەو هێرشە داپۆشینی شکستی ئۆکرانیا لە شاری باخمووت بووە.
له بهرامبهردا گوتەبێژی فەیلەقی ئازادی بۆ رووسیا، بەرپرسیارەتی خۆیان لە بەزاندنی سنووری رووسیا و هێرشەکەی سەر هەرێمی بێلگۆرۆد رایگەیاند و جەخدەکاتەوە، کۆتایی بە دەسەڵاتی کریملن دەهێنن.
فەیلەقی ئازادی بۆ رووسیا گروپێکی چەکدارین و لە دوای دەستپێكی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا پێکهێندرا، بە گوتەی بەرپرسانی فەیلەقەکە، ئامانجیان رووخاندنی دەسەڵاتی ئێستای رووسیایە.