یەکەم رەشپێستی کۆمارییەکان خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کاندید کرد

تیم سکۆت
تیم سکۆت

K24 - هەولێر

سیناتۆری ئەمەریکی لە پارتی کۆمارییەکان، بە فەرمی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کاندید کرد، ئەمەش دەبێتە یەکەم کاندیدی رەشپێست لەسەر لیستی کۆمارییەکان.

رۆژی دووشەممە،22ی ئایاری 2023، تیم سکۆت، سیناتۆری ئەمەریکی لە پارتی کۆمارییەکان، بە فەرمی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کاندید کرد، کە بڕیارە ساڵی 2024 ئەنجام بدرێت، ئەمەش هەنگاوێکە کە هەوڵدەدات ببێتە یەکەم سەرۆکی رەشپێستی کۆمارییەکان.

دوای ئەوەی سیناتۆر تیم سکۆت کاغەزەکانی کاندیدبوونی خۆی پێشکەش بە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی فیدراڵی کرد، هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی لە شارۆچکەی زێدی خۆی لە باکووری چارلستن لە ویلایەتی کارۆلینای باشوورەوە دەستپێکرد، بۆ ئەوەی ببێتە یەکەم سەرۆکی رەشپێستی کۆمارییەکان.

هەوڵەکانی بریتین لە کۆکردنەوەی هاوکارییەکان بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامبوونی لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکاندا، چونکە پێشبینی دەکرێت پێش ئەوەی بەرەو ویلایەتی ئایۆوا و نیو هامپشر بڕوات لەگەڵ ژمارەیەک لە خۆبەخشەکانی ویلایەتەکەی کۆببێتەوە.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، سکۆت لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکاندا سەردانی چەندین ویلایەتی گرنگی کردووە، لەوێدا سەرنجی خۆی لەسەر پاشخانی ئایینی خۆی و بەها کۆمەڵایتیەکان خستەڕوو.

سکۆت چاوی لە بەدەستهێنانی دەنگدەرانی رەشپێستە کە پێشتر بە شێوەیەکی سەرەکی دەنگیان بە دیموکراتەکان دەدا.

سکۆت، تەمەن 57 ساڵ، پەیوەندی بە لیستی کاندیدانی کۆمارییەکان کرد بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024. بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2013 دوای دەستلەکارکێشانەوەی جیم دیمەنتی کۆماریخواز، کورسییەکەی لە ئەنجومەنی پیران بەدەستهێنا، تاوەکو ئێستاش لە پاراستنی کورسییەکەی بەردەوامە.

هەروەها سکۆت تاکە کاندید نییە کە خەڵکی ویلایەتی کارۆلینای باشووری زێدی خۆیەتی، چونکە کێبڕکێ لەگەڵ نیکی هێلی، پارێزگاری پێشووی ویلایەتەکە دەکات.

سکۆت بە سوودێک دەست پێدەکات بە بەراورد بە باقی کاندیدەکان، چونکە دەتوانێت 22 ملیۆن دۆلار لە هەژماری هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی لە ئەنجومەنی پیران بگوازێتەوە بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، ئەو بڕە پارەیە گەرەنتی بەردەوامبوونی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی دەکات تاوەکو کۆکردنەوەی هاوکاری زیاتر .

بەپێی سەرچاوە نزیکەکانی، هاوڕێ کۆمارییەکانی لە ئەنجومەنی پیران سکۆت بە کاندیدێکی باش بۆ پارتی کۆمارییەکان دەبینن، لەنێویاندا بیل کاسیدی سیناتۆری ویلایەتی لویزیانا کە گوتی سکۆت "کاندیدێکی زۆر باشە".