مەسرور بارزانی: داوامان لە شارەزایان و وەزارەتەکان کردووە پێوەری ستانداردی جیهانی لە پڕۆژەکان هەبێت

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پانێڵێکدا لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە لە هەولێر رایگەیاند، داوامان لە شارەزایان و وەزارەتەکان کردووە پێوەری ستانداردی جیهانی لە پرۆژەکان هەبێت.

مەسرور بارزانی لە سەرەتای پانێڵەکەدا باسی لەوە کرد، بەرنامەی حکومەت بەرنامەیەکی خزمەتگوزارییە، هاوکات سەبارەت بە بیناسازی لە هەرێمی کوردستان گوتی: لە بواری بیناسازیدا چەند پرەنسیپێک هەیە کە دەبێت لەبەرچاو بگیرێن، لەوانە نرخی یەکەی نیشتەجێبوون و پێداویستی خەڵک کە دەبێت بە شێوەیەک بێت کە خەڵک بتوانن لێی سوودمەند بن.

لەو پانێڵەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، داوایان لە وەزارەت و پسپۆڕەکانی خۆیان کردووە، ئەو ستانداردە جیهانییانەی رێگەپێدراون تەنیا ئەوانە بەرکار بن، گوتیشی: لە نووسینگەکەی خۆشم خەڵکمان هەیە کە بەدواداچوون بۆ کوالێتی باڵەخانەکان دەکەن.

لەو پرەنسیپانەی کە دەبێت لەڕووی بیناسازییەوە لەبەرچاو بگیرێت، سیمای شارە، کە بە گوتەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەر بینا و باڵەخانەیەک لە کوردستان دروست دەکرێت پێویستە لەگەڵ سیمای شارەکاندا بگونجێت، گوتیشی: ئێمە دەمانەوێت کوردستان ببێتە شوێنێکی دڵگیر.

یەکێکی دیکە لەو پرەنسیپانەی سەرۆکی حکومەت باسی کرد، کوالێتییە کە لەو بارەیەوە رایگەیاند، نابێت کەمی نرخ لەسەر حیسابی خراپی کوالێتی بێت، گوتیشی: دەبێت کوالێتی بیناسازی زۆر لەبەرچاو بگیرێت و لە ئاستێک بێت خەڵک متمانەیان پێی هەبێت و توانای بەرگری هەبێت.

مەسرور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، تەنانەت ڕووبەری سەوزاییش دەبێت لەبەرچاو بگیرێت، بۆ ئەوەی تەنیا شارێکی کۆنکرێتی دروست نەکرێت، هەروەها پێویستە خزمەتگوزاری تایبەت بە خاوەن پێداویستی تایبەت لە باڵەخانەکاندا هەبێت.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، ئەو کەرەستەی لە باڵەخانەکاندا بەکاردێت، دەبێت لە کوالێتی دەرچووبێت، ئەگەر کەسێک بیەوێت فێڵ لەم جۆرە شتانەدا بکات، رێکاری یاسایی بەرانبەر دەگیرێتە بەر، مەسرور بارزانی گوتیشی: کاتێک هاووڵاتییەک دەیەوێت لە باڵەخانەیەکدا یەکەیەکی نیشتەجێبوون بکڕێت، ئێمە پێویستە ئەوەمان لەبەرچاو بێت، کە ئەو دەبێت دڵنیا بێت یەکەی نیشتەجێبوونەکەی سەلامەتە.

مەسرور بارزانی راشیگەیاند، ئەوان لە حکومەت بەرنامەی ئەوەیان هەبووە کە 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێچییان و خێزانە کەمدەرامەتەکان دروست بکرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، بەشێکی دیکەش دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوونە بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، کە بێ بەرامبەر بۆیان دەبین بکەین لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.

سەبارەت بە نرخی یەکەی نیشتەجێبوون کە ئایا کاریگەری لەسەر کوالێتییەکەی دەبێت، مەسرور بارزانی روونیکردەوە، باشترین سەلامەتی بە کەمترین نرخ دەکرێتە ستاندارد دواتر ئەوەی زیادە بێت و لە سیما و رووکاری دەرەوەی بیناکان بکرێت، لەنێوان بەڵێندەر و خاوەن موڵکەکەدایە کە رێکەوتن بکەن.

مەسرور بارزانی جەختی کردەوە لەوەی، ناکرێت هەر کەسێک بە ویستی خۆی نرخ دابەزێنێت، بەڵام کوالێتی خراپ بێت، گوتیشی: بەداخەوە هەندێک لە قوتابخانەکان ساڵێك دەوامی تێدا نەکراوە کە تێكچوون، ئەمە زیانەکەی بۆ هاووڵاتی و حکومەتە و چەند جارێک دەبێت پارە لە نۆژەنکردنەوەی خەرج بکرێت، بۆیە دەبێت پابەندی ستانداردی جیهانی پەسەندکراو بن و لەوە کەمتر نەبێت.

سەرۆکی حکومەت گوتیشی: ئێمە بیرمان لەوە کردووەتەوە، کەشتی گەشتوگوازر لە هەرێمی کوردستان پەرەی پێبدەین، پێویستە چەندین کۆمەڵگەی گەشتوگوزاری دروست بکرێت، تاوەکو خەڵک بتوانن بێن سەردانی کوردستان بکەن، چونکە ئەمە هەمووی هاوکار دەبێت بۆ بوژاندنەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان و هێنانی خەڵک لە دەرەوە.