پەرلەمانتارێکی پارتی: دەکرێت بەبێ ئەوەی یاسای هەڵبژاردن هەمواربکەینەوە هەڵبژاردن بکەین
K24 - هەولێر
پەرلەمانتارێکی پارتی پێیوایە یاسای ئێستای هەڵبژاردن بەبێ کەموکورتییە و رایدەگەیەنێت، ئەگەر یاساکە هەمواریش نەکرێتەوە، دەتوانن بە پشتبەستن بەو یاسایەی ئێستا هەیە هەڵبژاردن ئەنجام بدەن. لەبارەی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانیش، جەخت لەوە دەکاتەوە، هەنگاوی فراکسیۆنەکەیان، پەیرەویی و یاسایی بوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە 24ـی ئایاری 2023، موحسین دۆسکی، پەرلەمانتاری پارتی و ئەندامی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکان لە پەرلەمانی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی "ئەمڕۆ"ـی کوردستان24، کە سنوور مەجید پێشکەشیکرد، جەختی لەوە کردەوە، کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بە دەنگی 58 پەرلەمانتار لە کۆبوونەوەی دووشەممەی رابردووی پەرلەمان؛ هەنگاوێکی یاسایی و پەیرەویی بوو.
وەکو ئەوەی دۆسکی دەڵێت، بە کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، هەرێمی کوردستانیان لە مەترسیی دروستبوونی بۆشایی یاسایی پاراستووە و هەنگاوی فراکسیۆنی حزبەکەی بە "بژاردەیەکی ناچاری" ناودەبات و ئاماژە بەوە دەدات، "جاری یەکەم بوو فراکسیۆنی پارتی زۆرینەی پەرلەمان بۆ بابەتێکی لەم جۆرە بەکاربهێنێت، چونکە زۆر هەوڵماندا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بگەیەنە رێککەوتن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت، بەڵام گفتوگۆکان بێ ئەنجام بوون".
ئەو ئەندام پەرلەمانەی پارتی روونیشیکردەوە، دوای کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، ئێستا کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان دەتوانێت دەست بە ئامادەکاریکردن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکات و دەیانەوێت (وەک پارتی) هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت.
تا ئێستا حەوت جار یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە هەموارکراوەتەوە. لەوبارەوە ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئامادەیی حزبەکەی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لەبارەی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن دووپاتکردوە و، وەکو خۆی دەڵێت، هەرچەندە یاساکە ئێستاش بێ کەموکورتییە و دەتوانن بە پشتبەستن بەو یاسایەی ئێستا هەیە هەڵبژاردن ئەنجام بدەن، "بەڵام ئەگەر لایەنە سیاسییەکان بیانەوێت هەمواری بکەنەوە، ئەوا ئامادەین لەوبارەوە گفتوگۆ بکەین."
هەر لەبارەی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، وەکو ئەوەی موحسین دۆسکی ئاماژەی پێ دەدات، تا ئێستا زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان پڕۆژەیاسای جیاوازیان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە و "ئەگەر لایەنە سیاسییەکان نەهاتنە پێشەوە بۆ ئەوەی یاساکە هەمواربکرێتەوە، بەو یاسایەی ئێستا هەیە، هەڵبژاردن دەکەین".
بەگوتەی دۆسکی، تا ئێستا پارتی سازشی لەسەر زۆر لە مافەکانی کردووە، تەنها بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت. "پارتی ڕازی بووە، هەڵبژاردن لە یەک بازنەییەوە بکرێتە چوار بازنەیی و تۆماری دەنگدەرانی بایۆمەتریی عێراق بەکاربهێندرێت، بەڵام لەبارەی کورس پێکهاتەکان، داوامانکردووە، خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن و نابێت هیچ لایەنێک هیچ بڕیارێک لەسەریان بسەپێنێت."
رۆژی دووشەممە 22ـی ئایاری 2023، بە دەنگی 58 پەرلەمانتار، پەرلەمانی کوردستان ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی کاراکردەوە و رۆژی دواتر دەقی بڕیارەکە لە ژمارە (305)ـی رۆژنامەی وەقایعی کوردستان، کە رۆژنامەی فەرمی هەرێمی کوردستانە، بڵاوکرایەوە.
رۆژی یەکشەممە 26ـی ئاداری 2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەموارکراو کە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە بە فەرمانێک رۆژی (18ـی تشرینی دووەمی 2023) بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە".