بە درووشمی هونەر زانستی ئەفراندن و زانینە فێستیڤاڵێکی هونەری لە دهۆک کرایەوە

K24 - هەولێر:

یانزەمین خولی فیستیڤاڵی هونەری کۆلێژی زانستی مرۆڤایەتی لە دهۆک بە تابلۆی فرە ڕەنگی بەهرەمەندانی زانکۆکە و مامۆستایانی موزیک و شێوەکاری لە ژێر درووشمی هونەر ئەفراندنی زانست و زانینە کرایەوە.

فێستیڤاڵەکە هەشت تابلۆی رەنگینی لەخۆگرتووە، کە بەرهەمی ئەمساڵی خوێندنی قوتابیانی بەشی شێوەکاری بوو، بە خامە و سەلیقەی جوانی خۆیان نەخشاندبوویان و هەریەک لەو تابلۆیانەش دەیان مانای بۆ ژیان و ئازادی و ئەوین و نوێگەرایی نیشانی بینەری فێستیڤاڵ و پێشانگاکە دەدا.

.

بێوار تەحسین، شێوەکار و بەشداربوو لە چالاکییە هونەرییە هاوبەشەکەدا بە کوردستان24ـی راگەیاند: لە نێوان تابلۆکانی ژیان و هونەردا دوو جیاوازی هەیە، لە تابلۆی ژیاندا کولەمەرگی و کارەسات و ئازارەکان بوون بە چیرۆکێکی تراژیدی و بە خوێن وێنه دەکێشرێنەوە، بەڵام لە تابلۆکانی ئێمەی کۆلێژدا جوانیەکانی ژیان بە بەرگێکی سپی و نوێوە خۆیان دەنوێنن و ژیان ڕوخساری جوان و خۆشەویستی دەبن بە خامەی تابلۆکانمان.

گوتیشی: لە قۆناغەکانی خوێندن لەو کۆلێژەدا، هەوڵمانداوە داهێنان لە بواری شێوەکاریی دا پێشکەش بکەین.

بێوار تەحسین سەبارەت بە بەشدارییان لە فێستیڤاڵە هونەرییەکەدا دەڵێت: بەشداریکردنمان گەڕانەوەیەک بووە بۆ ژیان لە سەردەمێکدا، کە هێشتا مرۆڤ خاکیی و راستگۆ بوو، نەک لە سەردەمی دەمامکدا، کە جوانییەکانی ژیان دەسڕێتەوە.