ئێران نوێترین مووشەکی دوور هاوێژی خۆی نمایش کرد

K24 - هەولێر
ئێران پەردەی لەسەر نوێترین مووشەکی دوور مەودا لادا، کە توانای بڕینی دووهەزار کیلۆمەتری هەیەو کێشەکەشی هەزار و 500 کیلۆگرامە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ی ئایاری 2023، ئاژانسی "ئێرنا"ی ئێرانی، بڵاویکردەوە، "لە مەراسیمێکدا کە محەممەد رەزا ئاشتیانی، وەزیری بەرگری ئێران ئامادەی بوو، پەردە لەسەر نوێترین مووشەکی بالیستی ئێرانی و نوێترین بەرهەمەکانی رێکخراوی پیشەسازیی ئاسمانی سەر بە وەزارەتی بەرگری لادرا".
دروستکردنی مووشەکی بالیستی "نەوەی چوارەم"ی "خورەمشار" لەژێر ناوی "خەیبەر"دا، کە مەودای دوو هەزار کیلۆمەتر دەڕوات، کە کێشی هەزار و 500 کیلۆگرامە.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، پێشتر بڵاویکردبووەوە کە جبەخانەی مووشەکی ئێران گەورەترین جبەخانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و هەمەچەشن ترینە، جەنەڕاڵ کینێس ماکنزی جونیۆر، کە بەم دواییە وەک فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا خانەنشین بووە، ساڵی رابردوو بە لێژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجومەنی پیرانی راگەیاندووە، زیاتر لە 3000 مووشەکی بالیستیکی جۆری جیاوازیان هەیە کە بەشێکیان دەتوانن بگەنە تەلئەبیب.
مەکێنزی ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەماوەی پێنج بۆ حەوت ساڵی رابردوودا وەبەرهێنانێکی زۆریان لە بەرنامەی موشەکی بالیستیکدا کردووە، مووشەکەکانیان مەودای زۆر زیاتریان هەیە و وردبینییان زۆر بەرزتر بووەتەوە".
رۆژنامەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئەسفەهان، ناوەندێکە کە ئێران لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی مووشەکەکانی تێدا بەرهەم دەهێنێت، لەوانەش کۆکردنەوەی مووشەکی بالیستی "شەهاب" مەودای مامناوەند، کە دەتوانێت بگاتە ئیسرائیل و دوورتریش.
ئێران لەم ساڵانەی دواییدا تادێت توانای مووشەکی دوور مەودای خۆی بەهێزتر کردووە، لە کاتێکدا ئیسرائیل ترسی ئەوەی هەیە کە ئەم مووشەکانە بۆ بەکارهێنانی کڵاوەی ئەتۆمی بەکاربهێنێت.
بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، تاران دەڵێت کە بەرنامە مووشەکییەکەی تەنیا بەرگرییە و ئامانجی رێگریکردنە.