ئاسایشی هەولێر سەدان ئامێری قوماری ئەلیکترۆنی لەناودەبات

K24 – هەولێر:
دوای دەستبەسەرداگرتنی سەدان ئامێری قوماری ئەلیکترۆنی لەماوەی رابردوو لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی هەولێرەوە، ئەمڕۆ لە گەورەترین هەڵمەتدا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێرەوە لەناوبران.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، دوای ئەوەی لە چەندین ئۆپراسیۆنی تایبەتی هێزەکانی ئاسایشی هەولێر، دەستبەسەر سەدان کەلوپەل و ئامێری ئەلیکترۆنیدا دەگیرێت کە بۆ یاریکردنی قومار بەکاردەهێندرێت، ئەمڕۆ لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، لە هەڵمەتێکدا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێرەوە لەناوبران.
هەڵمەتەکە لەژێر چاودێری توندی ئەمنیدا بەڕێوەچوو، بۆ دڵنیابوونەوە لە لەناوبردنی تەواوی ئامێرەکان بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بۆ قوماردکردن بەکارنەهێندرێتەوە و سوودی لێوەرنەگیرێت.
بەگوێرەی یاسا بەرکارەکان لە هەرێمی کوردستان، قومارکردن بە هەموو جۆرەکانییەوە، لەوانە ئەو یارییە ئەلیکترۆنیانەی بۆ ئەو مەبەستە بەکاردەهێندرێت، قەدەغەیە و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی هێزەکانی ئاسایش و ناوخۆوە، بەردەوام بەدواداچوون دەکات بۆ رێگریکردن لەو دیاردەیە و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی بازرگانی بەو کارەوە دەکەن.
هەروەها رۆژی (1ـی نیسان/ ئێپرێڵی 2023)، لەمیانەی ئۆپراسیۆنێکی فراوانی هێزەکانی ئاسایشی هەولێر، له رێگهی هێزه تایبهتهكانی سوات، هەڵیانکوتایە سەر کۆگایەکی گەورەی یاری ئهلیكترۆنی و قومارکردن لە رێگهی گردجووتیاری دهوروبهری شاری هەولێر و دەستیانبەسەر هەموو ئامێر و كهلوپهلهكاندا داگرت.
هاوکات لە چەندین هەڵمەتی دیکەدا دەستبەسەر سەدان ئامێری قومارکردندا گیراوە و خاوەنی شوێنەکان و ئەوانی لەوێدا قوماردەکەن دەستگیرکراون، هاوکات ئەو هەڵمەتانە بەردەوامییان هەیە و وەک سەرچاوەیەک لە ئاسایشی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەپێناو کەمکردنەوەی رێژەی تاوان و پاراستنی سامانی هاووڵاتییان و شیرازەی خێزانەکان، لە گەڕان بەدوای ئەو کەسانەی لەدوای ئەو کارانەوەن بەردەوام دەبن.
پێشتریش بەرنامەی شوێنپەنجەی کوردستان24، بەرنامەیەکی تایبەتی لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی شوێنەکانی قومارکردن و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی بەو کارەوە بازرگانی دەکەن، پێشکەشکرد، کە لەمیانەیدا چیرۆکی چەند قوربانییەکی خستەڕوو کە بەهۆی قورماکردنەوە، زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە و شیرازەی ژیان و خێزانەکانیان تێکچووە.




