وەزارەتی شارەوانی زیاتر لە چوار ملیار و 644 ملیۆن دینار بۆ پرۆژەكانی سلێمانی خەرج دەكرێت

وەزارەتی شارەوانی 14 پرۆژەی جیاواز لە شاری سلێمانی جێبەجێ دەکات

شاری سلێمانی
شاری سلێمانی

K24 - هەولێر:

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، رەزامەندی درا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی زیاتر لە چوار ملیار و 644 ملیۆن دینار بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی شاری سلێمانی.

بە گوێرەی فەرمانێكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە واژووی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، رەزامەندی درا لەسەر خەرجکردنی گوژمەی (4،644،637،500) چوار ملیار و شەش سەد و چل و چوار ملیۆن و شەش سەد و سی و حەوت هەزار و پێنجسەد دینار و لەسەر رێژەی 100%ی داهاتی فرۆشتنی زەویی شارەوانی لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی بۆ جێبەجێكردنی 14 پرۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری لە شاری سلێمانی.

ئاماژە بەوەشدرا، پرۆژەكان پێكهاتوون لە بواری كردنەوەی شەقام و كۆنكرێتكردن و دروستكردن و درێژكردنەوەی تۆڕی ئاوەڕۆ و گەیاندنی خزمەتگوزاری و قیرتاوكردنی شەقامەكان و دابینكردنی قیری شل و سووتەمەنی بۆ گارگەی قیری تانجەڕۆ، لەگەڵ چەند بوارێكی دیکەی خزمەتگوزاری لە شاری سلێمانی.