بەشی چارەسەرەکردنی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی گشتیی زاخۆ کرایەوە
K24 - هەولێر
بەشی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی گشتیی زاخۆ کرایەوە و "هەوڵدەدرێت لە داهاتوودا بکرێتە سەنتەرێکی تایبەت بە نەخۆشییەکانی درێژخایەنەکان".
ئەمڕۆ دووشەممە 29ـی ئایاری 2023، گوهدار شێخۆ، سەپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، کردنەوەی ئەو بەشە پزیشکییە لە نەخۆشخانەی گشتیی زاخۆ دوای هەوڵ و ماندوونێکی زۆری کۆلیژی پزیشکی زاخۆ و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی شارەکە بووە و بەم زووانە دەکەوێتە خزتەمەتی هاووڵاتییاندا.
گۆهدار شێخۆ کردنەوەی ئەو بەشە پزیشکییەی بە "هەنگاوێکی زۆر گرنگ" ناوبرد و ئاماژەی بەوەکرد، لە داهاتوودا هەوڵدەدرێت ئەو بەشە بکرێتە سەنتەری چارەسەرکردنی نەخۆشییە درێژخایەنەکان، ئەوەش پێویستی بە باڵەخانەیەکی جیاواز و ژمارەیەک ئامێری پزیشکی تایبەت هەیە.
وەکو ئەوەی گوهدار شێخۆ ئاماژەی پێ دەدات، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوانیان راسپاردووە گرنگی زیاتر بەو کەرتانە بدەن کە پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانەوە هەبێت و، وەکو خۆی دەڵێت، لە ماوەی رابردوودا گرنگییەکی تایبەتیان بە کەرتی تەندروستی داوە و "رۆژ بە رۆژ کەرتی تەندروستیی زاخۆ بەرەو پێش دەچێت".