بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر: رێژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بە شێوەی کراوەیی دەبێت

هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر

K24 - هەولێر:

هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر، رایدەگەیەنێت، دوای هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی، بڕیاردرا، رێژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بە شێوەی کراوەیی بێت لە سایلۆکانی هەولێر.

هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ رێژەی بەرهەمی گەنمی جووتیاران لە سنووری پارێزگای هەولێر بگاتە زیاتر لە 450 هەزار تۆن، هەروەها لە شاری دهۆک بەرهەم بگاتە 380 هەزار تۆن و لە شاری سلێمانیش بەرهەمی دانەوێڵەی جوتیاران یەک ملیۆن تۆن تۆمارکراوە.

هەروەها راشیگەیاند، بەداخەوە لە سەرەتای وەرزی بە بازاڕکردنی دانەوێڵە  لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتی بازرگانی حکومەتی عێراق و وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی عێراق رێژەیەکی کەمیان سەپاند بەسەر بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، ئەمەش وایکرد رێژەیەکی کەم لە بەرهەمی جوتیاران وەربگیرێت، سەرەڕای ئەوەی نیگەرانییەکی زۆری لەنێوان جووتیارندا لێکەوتەوە.

بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر، ئاماژەی بەوەدا، "لەرێگەی وەزیری کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئاگەدارکراوە جەنابیشیان لیژنەیەکی پێکهێناو لەسەر داوای بەڕێزیان لیژنەکە سەردانی بەغدای کرد، هەروەها لەگەڵ لیژنەی ئابووری حکومەتی عێراق کۆبوونەوە و لێکتێگەشتنێکی باش لە کۆبوونەوەی نێوانیان بەرهەمهات".

هاوکات لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکەی نێوان لێژنەکەی هەولێر و بەغدا، هێمن سەید موراد، رایگەیاند، بڕیاردرا رێژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران کراوە بێت و تەواوی بەرهەمی جوتیاران وەردەگیرێت لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان.

باسی لەوەشکرد، بەرهەمی جووتیاران ساڵ بە ساڵ روو لە زیادبووندایە، هەروەها لەژێر رۆشنایی ئەو لیژنەی کە سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی، رایسپارد بۆ ئەوەی سەردانی بەغدا بکات، لێکتێگەشتنێکی دیکەش هەبوو لەنێوان لیژنەکانی هەولێر و بەغدا، هەروەها بڕیاردرا، تەواوی بەرهەمی هاوینەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، کە خۆی دەبینێتەوە لە سەوزە و میوە، لە بازارەکانی عێراق ساغ بکرێتەوە و سەبەتەی خۆراکی عێراق پڕبکاتەوە.

بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر، جەختی لەوەکردەوە، ئەو هەنگاوەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، هەنگاوێکی گرنگ بوو لە کاتی خۆیدا بوو، ئەمە وایکرد جووتیاران بتوانن بەرهەمەکانیان ساغ بکەنەوە زیادمەند نەبن وەک ساڵانی پێشوو.

رۆژی شەممە 27ـی ئایاری 2023، وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە سایلۆکان دەستیپێکرد و پڕۆسەکە بەردەوامە. حەیدەر نووری، بەرێوەبەری بەبازارکردنی دانەوێلە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، سایلۆکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق رۆژانە تا کاتژمێر 10:00ـی شەو بە کراوەیی دەمێننەوە و گەنمی جووتیاران وەردەگرن. 

کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، 40 ملیار دینار لەلایەن حکومەتی عێراقەوە خراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان و  دوای ئەوەی جووتیارەکان گەنمیان رادەستدەکەن، شاییستە داراییەکانیان پێ دەدەرێت و، ئەوانەی لە رۆژانی داهاتووشدا گەنم رادەست دەکەن، بەهەمان شێوە پارەکەیان وەردەگرن و ناهێڵن مافیان بخۆرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە سەرەتا وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بڕیاریدابوو بۆ ئەمساڵ 375 هەزار تۆن گەنم لە هەرێمی کوردستان وەربگرێت؛ 120 هەزار تۆن گەنم لە پارێزگای هەولێر، 113 هەزار تۆن لە پارێزگای دهۆک و 142 هەزار تۆنیش لە پارێزگای سلێمانی.

 رۆژی پێنجشەممە 25ـی ئایاری 2023، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بۆ ئەمساڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق 375 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت. گوتیشی: "چاوەڕێمان دەکرد حکومەتی فیدراڵی، وەکو ناوچەکانی دیکەی عێراق مامەڵە لەگەڵ جووتیارانی هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام بەداخەوە دەکرێت بڵێم هەموو ساڵێک ستەمێک لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکرێت کە بۆ وەرگرتنی گەنم بڕمان بۆ دیاری دەکەن.''

لەبارەی بەرهەمی ئەمساڵی گەنم لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق، رۆژی سێشەممە 9ـی ئایاری 2023، محه‌مه‌د خه‌زاعی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، پێشبینی ده‌كەن ئه‌مساڵ ئاستی به‌رهه‌مهێنانی گه‌نم چوار ملیۆن و نیو تۆن بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاتربێت.

ساڵی 2022، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی عێراق 305 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت؛ لە پارێزگای هەولێر 117 هەزار و 773 تۆن، لە سلێمانی 136 هەزار و 500 تۆن گەنم و لە دهۆک 52 هەزار و 195 تۆن و 100 کیلۆ گەنم.

ئەمە لە کاتێکدایە لە ساڵی 2021، بڕەکە بەراورد بە ئەمساڵ و ساڵی 2022 کەمتر بوو، چونکە حکومەتی عێراق تەنها 125 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارنی هەرێمی کوردستان وەرگرت، بەم شێوەیە؛ لە پارێزگای هەولێر 46 هەزار تۆن، لە سلێمانی 72 هەزار تۆن و لە دهۆک تەنیا حەوت هەزار تۆن گەنم.

 

Fly Erbil Advertisment