وەزارەتی دارایی: بۆ پێدانی پاشەکەوتی مووچە مانگانە پێویستیمان بە زیاتر لە 90 ملیار دینارە

هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان داوا دەکات پارە بۆ پێدانی 10%ـی پاشەکەوتی مووچەی موچەخۆران خەرجبکرێت، بۆ ئەوەی بتوانن دابەشی بکەن. ئاماژە بەوەش دەدات، لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا کابینەی نۆیەم نزیکەی دوو ملیار دۆلار قەرزی داوەتەوە. 

ئەمڕۆ سێشەممە 30ـی ئایاری 2023، هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی لە پێدانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی کرد و ئاماژەی بەوەکرد، "بەپێی یاسای بودجە هیچ بڕە پارەیەک خەرج ناکرێت، ئەگەر تەرخانکراوی نەبێت و هیچ گواستنەوەی گوژمەیەکیش لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە ناگوازرێتەوە ئەگەر بە دەق لە یاساکەدا نەهاتبێت. کە ئەمە لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقدا جێگیرکراوە و لە هەموو ساڵانی رابردووشدا هەر وابووە."

هونەر جەمال روونیشیکردەوە، ئەو لە سەدا 10ـی پاشەکەوتی مانگانەی مووچە کە لەلایەن خەڵکەوە باسی لێودەکرێت، "مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 90 ملیار دینار و ساڵانەش پێویستی بە زیاتر لە یەک ترلیۆن دینارە. ئەگەر پێشنیاری پێدانەوەی پاشەکەوتی مووچە جێگیرکراوە، سوپاستان دەکەین، بەڵام فەرموون پارەی بۆ تەرخان بکەن. با سەدا 10 نەبێت، با سەدا 20 و 30 بێت، بۆ ئەوەی بتوانین لە زووترین کاتدا پاشەوکەوتی مووچە بە مووچەخۆران بدەینەوە".

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی گوتیشی، "ئەوەی بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانكراوە لە وودجەی عێراق، كەمترە لە مافی خۆی لە ئەساسدا ئێمە پێویست بوو لە %17 وەرگرین بەپێی ئاماری وەزارەتی پلان دانان ڕێژەی هەرێم لە %14 یە، بەڵام ئێستا لە 12.67% رازی بووین بەمەرجی سەرژمێری."

بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان "نەک قەرزی نەکردووە، بەڵکوو لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا نزیکەی دوو ملیار دۆلار قەرزی داوەتەوە."

سەبارەت بە یاسای بودجە کە هەرێمی کوردستان ماوەی نۆ ساڵە نییەتی، هونەر جەمال ئاماژەی بەوەکرد، لە ساڵانی رابردوودا (وەکو وەزارەتی دارایی) داهاتی جێگیریان نەبووە  و ژمارەیەکی راستییان لەبەردەستدا نەبووە بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای ئەو ژمارەیە یاسای بودجە دابڕێژن و دواتر لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند بکرێت. 

هونەر جەمال گوتی: لەسەر داهاتی ناوخۆ لەم وەزارەت و لەم كابینیە، زۆرترین كار لەسەر شەفافیەت و ڕێكخستنەوەی داهاتی ناوخۆی هەرێم كراوە هەموو داهاتەكەش لە رێگەی دیوانی چاودێری عێراق و هەرێمەوە وردبینی تێدا كراوە.

وەکو گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی دەڵێت، پرسی یاسای بودجەی هەرێم لە کابینەکانی حەوت و هەشتیش هەر هەبووە، بەڵام "ئەگەر ئاستەنگی سیاسی و یاسایی بۆ یاسای بودجەی هەرێم دروست نەکرێت، دوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای ئەمساڵی بودجەی عێراق، ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی دەستدەکەین بە ئامادەکاریکردن بۆ دارشتنی یاسای بودجە و بۆ ئەوەی دواتر بچێتە پەرلەمانی کوردستان و پەسەند بکرێت".

وەکو ئەوەی هونەر جەمال ئاماژەی پێ دا، كابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان "كە بە كابینەی چاكسازی ناسراوە، كۆمەڵێك كاری گرنگی كردووە بەتایبەت لە وەزارەتی دارایی مەلەفی دانووستان لەگەڵ بەغدا لە لایەن تیمی حكومەتەوە سەرپەرشتی كرا. ماوەی چوار ساڵە بەردەوام لە گفتوگۆ دابووین بۆ چارەسەری پرسی بودجە و دۆسیەی نەوت بەدەر لەو دەستێوەردانانەی هەفتەی ڕابردوو كە ڕوویداو ئێستا هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی بەردەوامە."

لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، گوتەبێژی وەزارەتی درایی و ئابووری چەند داتا و ژمارەیه‌كی لەبارەی چاكسازی و كەمكردنەوەی خەرجی و زیادكردنی داهات كە لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا ئەنجامیان داوە، خستەڕوو. لەوانە ( بڕینی زیاتر لە 4000 دوو مووچەیی، رێكخستنەوەی خانەنشینی پلە تایبەت، وەرگرتنەوەی دەیان ملیار دینار قەرزی ئاسانكاری، تەنها لە خەرجی ناپێویست 247 ملیۆن دۆلار كۆنترۆڵ کراوە، بە ئەلیكترۆنیكردنی مووچە و بە دیجیتاڵكردنی بانكەكان، بە ئەلیكترۆنیكردنی سیستەمی باج و گومرك و خاڵە سنووریەكان".

 

Fly Erbil Advertisment