وادەی بەڕێکەوتنی یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان بۆ سعوودیە رادەگەیەندرێت

ژماریەک حاجی هەرێمی کوردستان لە سعوودیە (ئەرشیف)
ژماریەک حاجی هەرێمی کوردستان لە سعوودیە (ئەرشیف)

K24 - هەولێر

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، 9ـی حوزەیرانی ئەمساڵ یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان بەرەو وڵاتی سعوودیە بەڕێدەکەوێت و نزیکەی مانگێک لەو وڵاتە دەمێننەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 30ـی ئایاری 2023، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، رۆژی هەینی 9ـی حوزەیرانی 2023، یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان 'لە ڕێگەی وشکانییەوە' بەرەو سعوودیە بەڕێدەکەوێت.

لەبارەی ئەو هاووڵاتییانەی کە بڕیارەی لە رێگەی ئاسمانییەوە (فڕۆکەوە) بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج بەرەو سعوودیە بەڕێبکەون، کاروان ستوونی ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی تەواونەبوونی رێکارەکان، تا ئێستا دیار نییە کەی بەڕێدەکەون، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە نێوان (12-06-2023 بۆ 15-06-2023) ئەو هاووڵاتییانەش بەڕێبکەون.

ئەمساڵ 37 هەزار هاووڵاتی لە عێراق  بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج دەچنە سعوودیە. لەو ژمارەیە چوار هەزار و 685 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستانن. وەکو ئەوەی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێم باسی دەکات، 690 هاووڵاتیی لەڕێگەی وشکانییەوە دەچن و زیاتر لە سێ هەزار و 990 هاووڵاتیی دیکە لەڕێگەی ئاسمانییەوە بۆ ئەو وڵاتە بەڕێدەکەون.

وەکو ئەوەی کاروان ستوونی باسی دەکات، ئەمساڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕووی داراییەوە پاڵپشتیی حاجییانی هەرێمی کردووە و تێچووی ئەنجامدانی حەجی بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمتر کردووەتەوە. بەشێوەیەک  تێچووی هەر حاجییەک لە رێگەی گەشتی ئاسمانییەوە چوار هەزار و 500 دۆلارە (45 وەرەقە)، هەروەها تێچووی هەر حاجییەک لە ڕێگەی وشکانییەوە، سێ هەزار و 800 دۆلارە (38 وەرقە).

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان نزیکەی مانگێک لە وڵاتی سعودییە دەمێننەوە و ئەو بڕە پارەی کە لێیان وەردەگیرێت هیچ بۆ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ناگەڕێتەوە.

کاروان ستوونی گوتیشی، ماوەی چەند هەفتەیەکە به‌ مه‌به‌ستی زیاتر ئاگاداركردنه‌وه‌ی ئه‌و هاووڵاتییانەی بۆ وه‌رزی حه‌جی ئه‌مساڵ ناویان ده‌رچووه‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی /به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومڕه‌ به‌ هاوكاری نووسینگه‌كانی حه‌ج و عومڕه‌ له‌ سه‌رجه‌م شارو ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆیەکان ده‌ستیان كردووه‌ به‌ رێكخستنی كۆبوونه‌وه‌ی حاجیان تاوه‌كوو له‌ نزیكه‌وه‌ رێنمایی كارگێری و ئایینی بۆیان روون بكرێته‌وه‌.

ئەمە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ سێشەممە، 30ی ئایاری 2023، حامد حەمەد حەسەن، بەڕێوەبەری فەرمانگەی حەجی نەجەف، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقیەی راگەیاند: " ئەمڕۆ کاتژمێر 5:20 خولەکی بەیانی، یەکەم گەشتی حاجیانی پارێزگەی دیوانیە لە فڕۆکەخانەی نەجەف بەرەو وڵاتی سعوودیە بەڕێکەوتوون کە ژمارەیان 144 حاجییە."

رۆژی چوارشه‌ممه‌ 1ـی شوبات 2023، شێخ نیاز راغب، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، پار ساڵ دوو هه‌زار و 112 حاجی لە هەرێمی کوردستان فەریزەی حەجیان بەجێگەیاندووە و هه‌ر حاجییه‌ك چوار هه‌زار و 700 دۆلار (47 وەرەقە)ی لێ وه‌رگیراوه‌.

له‌باره‌ی ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌توانن ساڵانه‌ فه‌ریزه‌ی حه‌ج ئه‌نجامبده‌ن، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ساڵانه‌ دوو ملیۆن كه‌س فه‌ریزه‌ی حه‌ج ئه‌نجامده‌ده‌ن، له‌و دوو ملیۆن كه‌سه‌، پشكی عێراق "33 هه‌زار و 690 كه‌س" و پشكی هه‌رێمی كوردستانیش  "چوار هه‌زار و 685 كه‌سه‌".

Fly Erbil Advertisment